شارەزایەکی کەشناسیی: زستانی ئەمساڵ تەڕ دەبێت

شارەزایەکی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی دەڵێت: پێشبینی دەکرێت زستانی ئەمساڵ پڕ باران بێت.
پێنجشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2025، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی دەربارەی پێشبینییەکانی کەشوهەوای ڕۆژانی داهاتوو تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: کەشوهەوای ئەم چەند ڕۆژە ئاساییە و ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت تا چوار ڕۆژیتریش هەر بەو جۆرە دەبێت.
محەممەد کەمال دەربارەی بارانی ئەمساڵ گوتی: پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ لە دوای مانگی 12ەوە بارانێکی باش ببارێت، بەڵام لەناوچەیەک بۆ ناوچەیەک جیاوازه.
ڕاشیگەیاند، بەپێی پێشبینیەکان بێت بارانی پایزەمان کەمه و لەخوار ئاستی ساڵانی ڕابردووە، بەڵام بۆ زستان زیاد دەبێت.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، ڕێژەى بارانبارینی ساڵی 2025، بەراوورد بە ساڵی 2024، زیاتر بووە.
ئاماژەی بەوەش کردبوو، كۆی گشتی بارانبارینی 2025 لە تەواوی پارێزگاكانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە بووە، پارێزگای هەولێر (196.4) ملم، پارێزگای سلێمانی ( 587.7 ) ملم، پارێزگای دهۆك (303.1) ملم، پارێزگای كەركوك (217.5) ملم، پارێزگای هەڵەبجە (416.5) ملم بووە.
كۆی بارانبارینی 2024 لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە بووە: پارێزگای هەولێر(233.2) ملم، پارێزگای سلێمانی (377.7) ملم، پارێزگای دهۆك (176.3) ملم، پارێزگای كەركوك (104.4) ملم، پارێزگای هەڵەبجە (374.2) ملم بووە.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2025، سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند، "عێراق بەهۆی قەیرانی کەمئاویی و وشکەساڵی لەبەردەم کارەساتێکی مرۆیی دایە."
هەروەها سەنتەرەکە داوای لە حکوومەتی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەران و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، ستراتیژییەکی نیشتمانی گشتگیر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییە پێشبینیکراوەکان دابڕێژن.
سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە پاڵپشتی عێراق بکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، هەروەها داوای لە وڵاتانیش کرد ڕێز لە پشکی ئاو بگرن، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بۆ پاراستنی مافی ملیۆنان عێراقی کە بەهۆی کەمئاویی و ئاوارەبوونی زۆرەملێیەوە مەترسییان لەسەرە.