دەرمانە نوێیەکەی "ئێچ ئای ڤی" ژیانی ملیۆنان کەس ڕزگار دەکات

دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی دەرمانێکی نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە ڤایرۆسی "ئێچ ئای ڤی"، هۆکاری سەرەکیی نەخۆشی ئایدز، وەک هەواڵێکی دڵخۆشکەر دەبینرێت و ژیانی ملیۆنان کەس ڕزگار دەکات. 

ئەم دەرمانە، کە ناوی "لیناکاپاڤیر"ـە، نەک تەنیا کاریگەرییەکی زۆری هەیە لە لەناوبردنی ڤایرۆسەکەدا، بەڵکوو نرخی ئێجگار کەمترە بە بەراورد لەگەڵ دەرمانە بەردەستەکانی ئێستا.

لەم بارەیەوە، جارمێن پێرێز، بەرپرسی ستراتیژیی یونیتان بۆ "ئێچ ئای ڤی"، ڕایگەیاند: "ئەمە داهێنانێکی ناوازەیە لە زانستدا. نرخی ئەو دەرمانەی ئێستا بۆ "ئێچ ئای ڤی" بەردەستە، 28 هەزار دۆلارە بۆ هەر کەسێک لە ساڵێکدا. نرخی ڕاگەیێندراو بۆ ئەم دەرمانە نوێیە تەنیا 40 دۆلارە بۆ هەر کەسێک لە ساڵێکدا." 

ئەم جیاوازییە گەورەیە لە نرخدا، کە دەکاتە لەسەدا 0.01 بەراورد بە نرخە کۆنەکە، ڕێگەخۆشکەرە بۆ ئەوەی چارەسەرەکە بگاتە دەستی ئەو کەسانەی پێویستیان پێیەتی.

ساڵی ڕابردوو نزیکەی 630 هەزار کەس لە جیهاندا بەهۆی ڤایرۆسی "ئێچ ئای ڤی"ـیەوە گیانیان لەدەستداوە، واتە بۆ هەر خولەکێک، زیاتر لە کەسێک بەهۆی ڤایرۆسەکەوە مردووە. لە ئێستاشدا نزیکەی 41 ملیۆن کەس تووشی ڤایرۆسی "ئێچ ئای ڤی" بوونە. 

دەرمانە نوێیەکە، بە ڕێژەی 99.9% دەتوانێت ڤایرۆسەکە بنبڕ بکات و کۆتایی بە نەخۆشییەکە بهێنێت.

پێرێز جەختی لەوە کردەوە: "لەگەڵ ئەم بەرهەمەدا، دەتوانین کۆتایی بە "ئێچ ئای ڤی" بێنین. دەتوانین درزێک لە نەخۆشییەکە دروست بکەین و کۆتایی بە "ئێچ ئای ڤی" بهێنین. ئەم نرخە کەمەش ڕێگەخۆشکەرە بۆ ئەم مەبەستە."

دەرمانی لیناکاپاڤیر لە ئەمەریکا و ئەوروپا پەسەند کراوە و بڕیارە تا ساڵی 2027 لە 100 وڵاتدا بەردەست بێت. بەتایبەتی گرنگی بەو وڵاتانە دەدرێت کە هەژارن و ڕێژەی تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە زیاترە، بەمەش ئومێدێک دروست دەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە بارگرانی تەندروستی گشتی “ئێچ ئای ڤی” لە ئاستی جیهاندا.

 
 
Fly Erbil Advertisment