نوێنەری "مەسەدە" لە ئەمەریکا: شاندی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نوێنەرایەتیی یەک لایەن دەکات

سینەم محەممەد، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتیک (مەسەدە) لە ئەمەریکا
سینەم محەممەد، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتیک (مەسەدە) لە ئەمەریکا

نوێنەری "مەسەدە" لە ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت، ئەو شاندەی سووریا کە بەشداریی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، هیچ نوێنەرێکی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی تێدا نییە و "تەنیا ئەندامانی یەک پارت و ڕەنگن."

لە میانەی 80ـەمین کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک؛ سینەم محەممەد، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتیک (مەسەدە) لە ئەمەریکا؛ قسەی بۆ عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 کرد. 

سینەم محەممەد ڕایگەیاند، لەسەر بانگهێشتنامەی فەرمیی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک نوێنەری ڕۆژئاوای کوردستان، هاوشان لەگەڵ ژمارەیەکی فراوان لە بەرپرسان، وەزیران و دیپلۆماتکارانی جیهان، لەوانەش نوێنەرانی وڵاتانی ژاپۆن، نەرویج، سوید، کەنەدا، فەرەنسا و باشووری ئەفریقا؛ بەشداریی کۆبوونەوەکان دەکات.

 

"شاندەکەی سووریا هیچ کوردێکی تێدا نییە"

نوێنەرەکەی مەسەدە لە ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، ئەو شاندەی سووریا کە بەشدارە لە 80ـەمین کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان "نوێنەری کوردی تێدا نییە و شاندێکی یەک ڕەنگ و یەک پارتە." 

ئەو، نەبوونی نوێنەری کوردی لە شاندە فەرمییەکەی سووریادا وەک "نیشانەیەکی دیاری بەردەوامبوونی پەراوێزخستن" وەسف کرد "سەرەڕای ئەوەی سووریا لە قۆناغی ڕاگوزەردایە."

سینەم محەممەد ئاماژەی بەوەش دا، ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات چەندان جار داوای لە ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، فشار بخەنە سەر حکوومەتی سووریا بۆ دەستبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد، بەڵام وەک خۆی گوتی "تا ئێستا هیچ ئەنجامی نەبووە."

 

"هیچ کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ شاندی سووریا نەکردووە"

نوێنەرەکەی مەسەدە ڕەتیکردەوە، هیچ کۆبوونەوەیەک لە نێوان ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات و شاندی حکوومەتی سووریا لە ئەمەریکا کرابێت و جەختی لەوە کردەوە "گفتوگۆ تاکە ڕێگەی گونجاوە بۆ داهاتووی سووریا."

سینەم محەممەد دووپاتی کردەوە "مەسەدە بەدوای سووریایەکی دیموکراتیک، فرەڕەنگ و لامەرکەزییەوەیە کە هەموو پێکهاتەکان – کورد، عەرەب، عەلەوی، دروز و مەسیحی – بتوانن بەشداری تێدا بکەن."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment