ئیسرائیلییەکان لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن دژی ناتانیاهۆ خۆپیشاندانیان کرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2025، خۆپیشاندەرانی ئیسرائیل لە فڕۆکەخانەی بن گوریۆن خۆپیشاندانیان دژی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئێسرائیل کرد، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ بەڕێ کەوتنی ناتانیاهۆ بۆ نیویۆرک بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.

خۆپیشاندەران ئاڵا و لافیتەی ئیسرائیلیان بەرزکردبووەوە و داوای کۆتایی هێنان بە شەڕ و دەستلەکارکێشانەوەی ناتانیاهۆیان دەکرد، هەروەها داوایان لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کرد، هاوکاریان بکات لە ئازادکردنی بارمتەکان، بەڵێنیشیان دا ڕووبەڕووی ناتانیاهۆ ببنەوە تاوەکوو "کۆتایی بە شەڕ دەهێنێت و دیموکراسی بۆ ئیسرائیل دەگەڕێندرێتەوە،"

بنیامین ناتانیاهۆ پێش ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە بچێتە نیویۆرک گوتی: لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، لەسەر تەواوکردنی ئامانجەکانی جەنگ لە غەززە هاوڕایە و ڕوونیشیکردەوە، "ئەو ئامانجانەی شەڕ کە لەگەڵ ترەمپ لەسەری هاوڕام، گەڕانەوەی هەموو بارمتەکان و شکستی بزووتنەوەی حەماس و فراوانکردنی بازنەی ئاشتییە."

لەو چوارچێوەیەدا، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی: ئیدارەی ترەمپ ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، پلانێکی ئاشتی 21 خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی کەرتی غەززە پێشکەش بە سەرکردە عەرەبی و ئیسلامییەکان کردووە.

ویتکۆف ئاماژەی بەوەش کرد، کۆبوونەوەکە لەگەڵ سەرکردە عەرەب و ئیسلامییەکان "زۆر بەرهەمدار بووە"، گوتیشی: ڕۆژانی داهاتوو پێشکەوتنێک لەوبارەوە بەدەست دێت، بەبێ ئەوەی وردەکارییەکانی پلانەکە بخاتە ڕوو.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment