ناوبژیوانێکی کەیسی 'نێگرێرا' یاریی دێربی مەدرید بەڕێوە دەبات
ریال مەدرید یادگاری ناوخۆی لەگەڵ ناوبژیوانەکە هەیە

ناوبژیوانی یاریی ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید یەکلایی کرایەوە و ناوبژیوانێکی کەیسی 'نێگرێرا' یاریی دێربی مەدرید بەڕێوە دەبات.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ئەلبێرولا رۆخاس بۆ بەڕێوەبردنی یاریی دێربی مەدرید دەستنیشانکراوە و ئەو ناوبژیوانە یارییەکەی رۆژی شەممە لە نێوان ئاتلێتیکۆ مەدرید و ریال مەدرید بەڕیوە دەبات، کە لە گەڕی حەفتەمی لالیگا لە یاریگای واندا میترۆپۆلیتانۆ بەڕێوە دەچێت.
رۆژنامە مەدریدییەکە رایگەیاندووە، ئەو ناوبژیوانە هەمان ئەو ناوبژیوانەیە کە لە کەیسی نێگرێرا تێوەگڵاوە و ساڵی 2023 کاتێک یاریی دێربی مەدریدی بەڕێوەبرد، گۆڵێکی میرەنگی رەتکردەوە و کارتێکی سووری شایستەی بە خیمینێز نەدا.
پێش یاریی دێربی مەدرید، ریال مەدرید بە کۆکردنەوەی 18 خاڵ لە پلەی یەکەمی لالیگا دێت و ئاتلێتیکۆ مەدریدیش بە کۆکردنەوەی 9 خاڵ لە پلەی هەشتەمی خولەکە دێت.