بەهۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لە لایەن ئێرانەوە، قەیرانی ئاو لە قەڵادزێ سەریهەڵداوە
لە کاتێکدا دانیشتووانی قەڵادزێ و پڕۆژە ئاوییەکانی شارەکە، بەنداوی دوکانیش بە خراپترین دۆخی ئاو لە 60 ساڵی ڕابردوودا تێپەڕ دەبن، ئێران ئاوی زێی بچووکی گرتووەتەوە و قەیرانێکی گەورەی ئاوی خواردنەوەی دروستکردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2025، ئەندازیار مارف مەحموود، بەڕێوەبەری ئاوی قەڵادزێ، بە ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24ی ڕاگەیاند "ئاستی ئاوی زێی بچووک بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە بەهۆی گرتنەوەی سەرچاوەکەی لەلایەن ئێرانەوە. تەنیا ئەو کانیاوە بچووکانە ماون کە دەڕژێنە سەر زێی بچووک، بەڵام بەهۆی وشکەساڵییەوە زۆربەیان وشکیان کردووە و نەیانتوانیوە ئاوێکی ئەوتۆ دابین بکەن."
مارف مەحموود ئاماژەی بەوەدا "ئەم کەمبوونەوەی ئاوە بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی ئاو لە قەڵادزێ. بەڕێوەبەرایەتی ئاو هەوڵی داوە کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات بە کەمکردنەوەی ڕێژەی پێدانی ئاو بە هاووڵاتییان و درێژکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردنی پڕۆژە ئاوییەکان. لە ئێستادا هەر کۆڵانێکی قەڵادزێ تەنها بۆ ماوەی نیو کاتژمێر ئاوی بۆ دەکرێتەوە و بەهۆی کەمی ئاوەوە ناتوانرێت زیاتر لە دوو پەمپ بخەنە کار."
بەڕێوەبەری ئاوی قەڵادزێ ڕایگەیاند "ئێران لە 11ی ئەیلوولەوە ئاوەکەی گرتووەتەوە و بارودۆخەکە لە ئێستادا زۆر خراپە و پێشبینی دەکرێت خراپتریش بێت؛ بەڵام بەهۆی دابەزینی پلەی گەرما، پێویستی هاووڵاتییان بە ئاو کەمترە، ئەگەر ئەم دۆخە لە وەرزی هاویندا ڕوویدابا، کێشەکە زۆر گەورەتر دەبوو."
مارف مەحموود جەختی لە گرنگی پاراستنی ئاو کردەوە و گوتی: "ئاو سەروەتێکی نیشتیمانیی بەهادارە، بۆیە پێویستە لە هەموو بارودۆخێکدا و بە تایبەتی لە ئێستادا پارێزگاری لێبکرێت."
بە گوتەی بەڕێوەبەری ئاوی قەڵادزێ، کارمەندانیان نزیکەی 18 کاتژمێر کاردەکەن بۆ دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ ناوشار و داوا لە هاووڵاتییان دەکات کە هاوکاریان بن بە پاراستنی ئاو. ئەو هیوای خواست کە لەگەڵ وەرزی بارانباریندا دۆخەکە باشتر بێت، بەڵام ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەبوو، ناچار دەبن ڕۆژێک نا ڕۆژێک ئاو بۆ ماڵان دابین بکەن و کارکردنی کارمەندانیش ببێتە 24 کاتژمێری. پێش 14 ڕۆژ، قەڵادزێ کێشەی کەمی ئاوی نەبوو، بەڵام ئێستا ئاستی ئاوی زێی بچووک ڕۆژ بە ڕۆژ کەمتر دەبێتەوە.