سەرۆکی زانکۆی دهۆک: ڕێبەری "ڕاستنووسیی زمانی کوردی" پڕۆژەیەکی گرنگ و مێژووییە
پڕۆژەیەکی گرنگ و مێژوویی بۆ زمانی کوردی، بەتایبەتی بۆ زاراوەی کرمانجی، لە دهۆک ڕاگەیەندرا و بڵاوکرایەوە.
پڕۆژەکە بریتییە لە ڕێبەری "ڕاستنووسیی زمانی کوردی" بۆ زاراوەی کرمانجی، کە بەتایبەتی بۆ دامەزراوەکانی دهۆک ئامادە کرا و بەسەریاندا دابەش کرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2055، د. داود سلێمان ئەتروشی، سەرۆکی زانکۆی دهۆک، بە چەکدار جەمال، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕێبەری "ڕاستنووسی زمانیی کوردی" بۆ زاراوەی کرمانجی، بە پیتی عەرەبی، لە لایەن لیژنەیەکی باڵا بە سەرپەرشتیی زانکۆی دهۆک ئامادە کراوە و، بە پڕۆژەیەکی "گرنگ و مێژوویی" ناو برد.
ئەتروشی ئەوەی خستەڕوو، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە، یەکێتی نووسەران، ئەکادیمیای کوردی، و دەزگا میدیاییەکان لەم پڕۆژەیەدا بەشداربوون.
سەرۆکی زانکۆی دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر لە ناو پارێزگای دهۆک چەندین شێوازی نووسین هەبوو، بەڵام هیچ ڕێبەرێکی ستاندارد بۆ زاراوەی کرمانجی بە پیتی عەرەبی نەبوو، ئەمەش وایکردبوو کە پێویستییەکی زۆر بە یەکخستنی شێوازی نووسین هەبێت.
بە گوتەی د. داود، ئەم ڕێبەرە نووسینە کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت لەسەر سیستەمی دیجیتاڵی و یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی هەر کەسێک بە شێوازی کرمانجی زانیاری بڵاوبکاتەوە لە بابەتە دیجیتاڵییەکاندا.
یەکەمین چاپی ئەم ڕێبەرە بڵاوکراوەتەوە و بڕیارە ساڵانە پێداچوونەوە و نوێکردنەوەی بۆ بکرێت بەپێی گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکانی زمان.
د. داود ئەتروشی هیواخوازە کە ئەم ڕێبەرە ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ زمانی کوردی و هەنگاوێکی گەورە بێت بۆ پێشخستنی زاراوەی کرمانجی.