وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ڕێککەوتنی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان ڕاگەیاند

وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، ئاشکرای کرد، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتین.

پێنجشەممە 25ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان، بۆ مەبەستی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە ڕێککەوتین.

وەزارەتەکە میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوتی ڕوونکردەوە و باسی لەوە کرد، تەواوی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت، کۆمپانیاکەش لە ڕێگەی بەندەری جەیهان هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی دەکات، جگە لەو نەوتەی کە هەرێمی کوردستان لە نێوخۆ بەکاری دەهێنێت.

هاوکات وەزارەتەکە دووپاتی کردەوە، ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە دەرئەنجامی ئەو گفتوگۆ چڕوپڕانە هاتە دی کە لە چەند مانگی ڕابردوو لەنێوان هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان هەبوو.

سێشەممە 23ـی ئەیلوولی 2025، بە نووسراوی فەرميی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ڕێکكەوتننامە سێقۆڵیيەکە بە واژۆی وەزیری سامانە سروشتییەکان و سەرجەم کۆمپانیا نەوتییەکان جگە لە کۆمپانیای (DNO)، ڕەوانەی حکوومەتی فیدڕاڵ کرد.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە 24ـی ئەیلوولی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندبوو، هیچ ئاستەنگێک نەماوە لەبەردەم هەناردەکردنەوەی تەواوی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی کوردستان و بەبازاڕکردنی لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە جگە لەو بەشەی بە ڕێککەوتننامەی هاوبەش بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ تەرخان کراوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment