وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، وادەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ڕادەگەیەنێت

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت: لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێتەوە.

پێنجشەممە 25ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، پاش ڕێککەوتنی سێقۆڵی نێوان هەردوو وەزارەت و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوتی هەرێم، لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێم رێککەوتن.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان، بۆ مەبەستی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە ڕێککەوتین.

وەزارەتەکە میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوتی ڕوونکردەوە و باسی لەوە کرد، تەواوی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت، کۆمپانیاکەش لە ڕێگەی بەندەری جەیهان هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی دەکات، جگە لەو نەوتەی کە دەمێنێتەوە هەرێمی کوردستان لە نێوخۆ بەکاری دەهێنێت.

لای خۆیەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتن.

وەزارەتەکە دەشڵێت: لە ماوەی ئەم 48 کاتژمێرەدا، دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت دەکرێتەوە.

هەر ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت ڕایگەیاند: ڕێککەوتنەکە دەستکەوتی ماندووبوون و هەوڵی زۆری تیم و شاندەکانی هەموو لایەک بووە.

هاوکات سەرۆکی حکوومەت، دەستخۆشی لە هەموو لایەک و بە تایبەتی خەڵکی خۆڕاگری کوردستان کرد و گوتی: لەم ڕۆژە مێژووییەدا بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، بەربەستێکی گەورەیان لە بەردەم دابینکردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان هەڵگرت.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment