دابەشکردنی زەوی بەردەوام دەبێت

دابەشکردنی زەوی بەردەوام دەبێت و سەرۆکی شارەوانی هەولێر، ئاماژە بەوە دەکات، ئامادەکاری کراوە بۆ پێدانی تاپۆ بەو فەرمانبەرانەی سوودمەندبوونە لە وەرگرتنی زەوی.
کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەم زووانە قۆناغی سێیەمی دابەشکردنی زەوی لە سنووری شارەوانی هەولێر دابەشدەکرێت، بەهەمان میکانیزمی قۆناغەکانی پێشتر.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئامادەکاری کراوە بۆ پێدانی تاپۆ بە سوودمەندانی زەوی فەرمانبەران، ناوی ژمارەیەکیان ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری خانووبەرە کراوە.
لەلای خۆیەوە، مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەردەوام دەبێت و ئامادەکاری دەکەن، بۆ دابەشکردنی زەوی لە سنووری شارۆچکەی رزگاری و سێبیران، تاوەکوو سەرجەم فەرمانبەرانی سوودمەند لە وەرگرتنی زەوی، زەوی وەردەگرن، پرۆسەکە بەردەوامی دەبێت.
ڕۆژی یەکشەممە، 31ـی ئابی 2025، دابەشکردنی زەوی لە سنووری مەخموور بەڕێوەچوو، زیاتر لە دوو هەزار فەرمانبەر سوودمەند بوون لە وەرگرتنی زەوی.
لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.