کۆریای باکوور خاوەن دوو تۆن یۆرانیۆمی پیتێنراوە

وەزیری کاروباری یەکگرتنەوەی کۆریای باشوور  ڕایگەیاند، کۆریای باکوور خاوەنی نزیکەی دوو هەزار کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوە بە ڕێژەی  90%.

چۆنگ دۆنگ یۆنگ، وەزیری کاروباری یەکگرتنەوەی کۆریای باشوور لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "یەکێتی زانایانی ئەمەریکی (FAS) و پسپۆڕان ئاشکرایان کردووە، ئێستا کۆریای باکوور خاوەنی نزیکەی دوو هەزار کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوە بە ڕێژەی 90%.

چۆنگ دۆنگ یۆنگ ڕاشیگەیاند، لە ئێستادا ئامێرەکانی چاودێری یۆرانیۆم لە باکوور، لە چوار شوێندا کاردەکەن. 

گوتیشی، "پێنج یان شەش کیلۆگرام لە پلووتۆنیۆم دەتوانێت یەک بۆمبی ئەتۆمی دروستبکات، بۆیە دوو هەزار کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێنراو، دەتوانێت ژمارەیەکی زۆر بۆمبی ئەتۆمی لێ بەرهەم بهێنرێت".

هەروەها وەزیری کاروباری یەکگرتنەوەی کۆریای باشوور ڕاشیگەیاند، ڕاگرتنی پەرەپێدانی ئەتۆمی کۆریای باکوور بابەتێکی گرنگە، پێشی وایە سزاکان کارا نابن و تاکە چارەسەر بەستنی دیدارە لەنێوان پیۆنگ یانگ و واشنتن.

یۆرانیۆمی پیتێنراو، پێکهاتەی سەرەکی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمییە و دەتوانرێت بکرێتە پلووتۆنیۆم لە ڕێگای کارلێکی ئەتۆمییەوە،  پێویستە ئاستی پیتاندن بۆ زیاتر لە 90% بەرزبکرێتەوە بۆ بەدەستهێنانی بڕی پێویست بۆ دەردانی زنجیرە لەتبوونێک کە بەرەو تەقینەوەیەکی ئەتۆمی دەبات.

پێدەچێت کۆریای باکوور چەندین دامەزراوەی پیتاندنی هەبێت، کە یەکێکیان لە شوێنی ئەتۆمی یۆنگبیونە، هەروەها پیۆنگیانگ باسی لەوەکردبوو، دوای گفتوگۆکان کارکردنیان لەو دامەزراوەیە ڕاگرتووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment