ترەمپ: لەگەیشتن بەڕێککەوتن بۆ ئاگربەستی غەززە نزیک بووینەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، ڕایگەیاند: گفتوگۆی باشی لەبارەی غەززە لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە.

ترەمپ گوتی: "نزیک دەبینەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەبارەی غەززە، ئەگەری هەیە بەم زووانە ڕێککەوتنێک لەبارەی بارمتەکان ڕابگەیەندرێت."

لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە نووسینگەی ئۆڤاڵ، دۆناڵد ترەمپ گوتی: "لەگەڵ سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قسەمان کرد، ئەوان کەسانی نایابن، زۆر نزیکین لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەبارەی غەززە، تەنانەت ڕەنگە زۆر نزیکیش بین لە ئاشتی."

گوتیشی: "دەتوانین بارمتەکان بە زیندوویی و مردوویی بگەڕێنینەوە و لە ڕێگەی گفتوگۆی تایبەتەوە، ئاشتی بەدەستبهێنین."

ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە، ڕێگە بە ئیسرائیل نادات کەناراوەکانی ڕۆژئاوا داگیربکات و بیخاتە سەر خاکی خۆی.

ناتانیاهۆ دوێنێ پێنجشەممە ڕایگەیاند: لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هاوڕایە لەسەر، پێویستیی تەواوکردنی ئامانجەکانی جەنگ لە غەززە.

پێش سەردانی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ناتانیاهۆ گوتی: "ئامانجەکانی جەنگ کە لەگەڵ ترەمپ لەسەری هاوڕام بریتین لە، گەڕاندنەوەی هەموو بارمتەکان و شکستپێهێنانی حەماس و فراوانکردنی بازنەی ئاشتی."

ستێڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، ڕایگەیاندبوو کە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی سێشەممە.ی ڕابردوو، پلانێکی ئاشتی 21 خاڵی پێشکەش بە سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە کەرتی غەززە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment