میدیاکان: تۆنی بلێر سەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبردنی غەززەی دوای شەڕ دەکات

ڕاپۆرتە میدیاکانی جیهان و بەریتانیا باس لەوە دەکەن، بڕیارە دەستەیەک بۆ بەڕێوەبردنی غەززەی دوای شەڕ پێکبهێت، کە دەستەکە بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا دەبێت، کە پێشتر هەڵوێستی خۆی دژی ڕاگواستنی هاووڵاتییانی غەززە پیشان دابوو.
هەینی 26ـی ئەیلوولی 2025، بی بی سی و گۆڤاری زە ئیکۆنۆمیست بڵاویان کردووەتەوە، پلانێک هەیە، تۆنی بلێر، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، بە پشتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی کەنداو سەرۆکایەتی دەسەڵاتێکی کاتی لە غەززە بکات.هەروەها فاینانشیاڵ تایمز بڵاویکردەوە، تۆنی بلێر کە لە ساڵی 2007 تا 2015 وەک نێوەندگیری ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاری کردووە، داوای کردووە لە بۆردی سەرپەرشتیاری ئەو دەسەڵاتەدا بێت کە غەززە بەڕێوە دەبات.
هەفتەی ڕابردوو میدیاییەکانی ئیسرائیل بڵاویان کردبووە، بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا، بلێر لەگەڵ لایەنەکانی تردا کار لەسەر پلانێک دەکات بۆ ڕاگرتنی ململانێکان لە غەززە.لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوان ئاماژەیان بەوەدا کە بلێر پشتگیری هیچ پێشنیازێک ناکات بۆ ئاوارەکردنی هەمیشەیی خەڵکی غەززە. هاوکات لە کۆتاییدا دەسەڵاتەکەی ڕادەستی فەڵەستینی دەکاتەوە.
گۆڤاری زە ئیکۆنۆمیست لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی داوە، دەستەیەک بە ناوی "دەسەڵاتی نێودەوڵەتیی ڕاگوزەری غەززە" (GITA) هەوڵدەدات بۆ ماوەی پێنج ساڵ خواستەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی ببێتە "دەسەڵاتی باڵای سیاسی و یاسایی" پێش ئەوەی کۆنترۆڵ ڕادەستی فەلەستینییەکان بکات. هاوکات دەستەیەکی سکرتاریەتی دەبێت و لە 25 کەس پێکدێت، هەروەها بۆردەکەش پێکهاتووە لە حەوت کەسی. لە سەرەتادا بنکەکەی لە میسر دەبێت، نزیک سنووری باشووری غەززە، دوای ئەوە ناوچەکە ئارام دەبێتەوە بنکەکە بۆ غەززە دەگوازرێتەوە.
یوسی کۆهین، سەرۆکی پێشووی مۆساد، بە ڕادیۆی بی بی سی ئاماژەی دا،"حەزم لەو بیرۆکەیەیە" و بلێری بە "کەسێکی نایاب" ناوبرد. هەروەها گوتیشی: "ئەگەر ئامادەبێت ئەم بەرپرسیارێتییە گەورەیە لە ئەستۆ بگرێت، پێم وا یە هیوایەک هەیە" بۆ غەززە.
بەهۆی بەشداریکردنی بلێر لە داگیرکردنی عێراق بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2003، دەستنیشانکردنی مشتومڕ هەڵدەگرێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە میدیاکانی جیهان، بلێر لە مانگی ئابدا بەشداری کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پلانەکانی دوای شەڕ لە غەززە لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ کردووە.