ماتیۆ زەیس: هەرێمی کوردستانی توانیویەتی ببێتە ناوەندێکی سەقامگیر بۆ وەبەرهێنان لەو ناوچەکە

جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN ئێنێرجی ڕایگەیاند، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر بازاری نەوت لە جیهان دەبێت، هاوکات ئەمەش وا دەکات وەبەرهێنەرەکانی دیکە بۆ وەبەرهێنان چاو ببڕنە کوردستان. دەشڵێت؛ سەرەڕای ئەو هەموو ئاڵنگارییانە هەرێمی کوردستان توانیویەتی ببێتە ناوەندێکی سەقامگیر بۆ وەبەرهێنان لەو ناوچەکە.
هەینی 26ی ئەیلوولی 2025، ،ماتیۆ زەیس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN ئێنێرجی بە کوردستان24 گوت:ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە بڕیارە سبەی دەستپێبکاتەوە، دەستکەوتێکی زۆر گرنگە و لە ئەنجامی گفتوگۆی بەردەوام و چڕ لە نۆ مانگی ڕابردوو بووە، هاوکات ئەو ڕێککەوتنە کاریگەر لەسەر بودجەی گشتیی فیدراڵی دەبێت.
ئاماژەشی دا، لەو ڕێکەوتنە کاتییەی کە کراوە، 16 دۆلار دەدرێتە کۆمپانیاکانی نەوت، دوای ئەوەی ڕاوێژکارێکی سەربەخۆی پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنەکە و نرخەکەی دەکات و نرخێک دیاری دەکات، دواتر بە تەواوی ڕێککەوتنەکە جێبەجێی دەکرێت.
جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN ئێنێرجی دەشڵێت: هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە دەریای ناوەڕاستەوە سوود و کاریگەری بۆ بازاڕی نەوتی جیهان دەبێت، هەر وەکوو لە حەوت ساڵی ڕابردوو کاریگەری هەبووە، هاوکات هەناردەکردنەوەی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان، دەبێتە ئاماژەیەکی گرنگ بۆ وەبەرهێنەرانی ئەمەریکییە و وڵاتانی دیکە، کە هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی سەقامگیر و جێگای سەرنج بۆ وەبەرهێنان.
ماتیۆ زەیس باسی لەوەش کرد، ئیدارەی ترەمپ گرنگییەکی تایبەت دەداتە پرسی ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە لەو ڕێککەوتنە سێقۆڵیەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق و کۆمپانیاکانی نەوت ڕۆڵێکی سەرەکی گێراوە، هەروەها پێشتر مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا چەندین جار لە کۆبوونەوەکان هۆشداری داوە دەبێت هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە زووترین کات دەست پێکاتەوە، بەبێ ئەمەریکا ئەو ڕێککەوتنە نەدەکرا.
هەروەها گوتیشی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەلماندوویەتی کە دەتوانێت ببێتە ناوەندێکی سەقامگیر بۆ وەبەرهێنان لەو ناوچەکە، هەر وەکوو چەندین ساڵە بە ملیاران دۆلار وەبەرهێنانمان لە هەرێمی کوردستان کردووە، کە ئێستاش لە کەرتی وزە و نەوت وەبەرهێنان دەکەین، ئەمەش سەڕاری ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ئەو هەموو ئاڵنگارییانەی بۆ پرسی نەوت و بودجەی و مووچە بووەتەوە.
جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN ئێنێرجی دەشڵێت: ئێمە زۆر گەشبینین بە کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت دوای ئەو ڕێککەوتنە سێقۆڵییەی کراوە، گەشبینین کە ڕێککەوتنێکی دیکەی گشتگیر و درێژخایەن بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین لە کەرتی وزە و نەوت وەبەرهێنان بکەین.
ماتیۆ زەیس ئەوەشی خستەڕوو، "دەتوانین ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر بکەین لەو ئاستەی پێش ڕاوستانی هەناردەکردنی نەوت بەرهەممان دەهێنا، بەڵام ئەوا کاتی پێویستە، پەیوەستە بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە بە ڕێژەی %100 لەلایەن هەر سێ لایەن و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کۆمپانیاکانی نەوت."
جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN ئێنێرجی ڕوونیشی کردەوە، "ئەو ڕێککەوتنی مانگی ئایار لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردمان، لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنە جیاوازە، ئەویان تایبەت بوو بە بەرهەمهێنانی غاز لە هەرێمی کوردستان و عێراق، دەشڵێت: نابێت غاز لەو ناوچەیە بە فیڕۆ بدرێت دەبێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاربهێنرێت. گوتیشی چاومان لەوەیە وەبەرهێنانی زیاتر لە وزە و نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان بکەین."
هەروەها لەبارەی پرۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای24 کاتژمێری گوتی: ئەو پرۆژەیە وەکوو هەموو سیستەم نێودەوڵەتییەکانە، کە حکوومەت ڕووبەڕوو ئاڵنگاری سەخت دەبێتەوە و پێویستی بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هاووڵاتییان هەیە؛ حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی ئەو ئاڵنگارییانە تێبپەڕێنێت و کارەبای24 کاتژمێری دابین بکات.