ئەردۆغان: بە تورکیای بێ تیرۆر دهگهین

سەرۆک کۆماری تورکیا، رایگەیاند: هەرگیز ڕێگە نادەن برایەتی نێوان گەلەکەیان تێکبدرێت. گوتیشی: بە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر دهگهین.
هەینی 26ـی ئەیلوولی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە بارەی پرۆسەی بەردەوامی ئاشتی وڵاتەکەی قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و گوتی: پێشتر جەختمان لە پێویستی بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆیی و یەکڕیزی وڵاتەکەیان کردووەتەوە و ئێستا لەم پرۆسەیە بەردەوامین.
سەرۆک کۆماری تورکیا، باسی لەوە کرد، هەموو هەوڵێکی دابەشکردن و هەڵوەشاندنەوەی گەلەکەیان، هەروەها تێکدانی برایەتیان، خزمەت بەو هێزانە دەکات کە هەوڵی لەناوبردنییان دەدەن، بەڵام ئەوان هەرگیز ڕێگە بەم کارە نادەن.
گوتیشی: ئەگەر بەرەی ناوخۆیی وڵاتەکەیان بەهێز بێت، کەس ناتوانێت هیچ شتێکیان بەسەردا بسەپێنێت، هەروەها پشتیوان بە خوا وڵاتەکەمان بە ئامانجی "تورکیای بێ تیرۆر" دەگات.
یەکی تشرینی یەکەمی 2024 هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکوومەتی تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر"، لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێت.
پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕالی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.
ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنتەوە و کۆنگرە ببەستێت.
هاوکات ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستبووەڕوو، بەرپرسیارەتی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت و گەرەنتی گفتوگۆی ئاشتی دەکات.