هەولێر هەڵمەتێکی بۆ پاککردنەوەی سیمای شار لە ڕیکلام و نووسینی نایاسایی دەستپێکرد
دیاردەی هەڵواسینی پۆستەر و نووسینی ڕێکلامی بازرگانی و خزمەتگوزاری لەسەر دیوار و شوێنە گشتییەکانی شاری هەولێر، سیمای پایتەختی شێواندووە. لە بەرانبەردا، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر هەڵمەتێکی فراوانی بۆ پاککردنەوەی شار و سزادانی سەرپێچیکاران دەستپێکردووە.
لەسەر دیوارەکان، پۆستەری قوتابخانە و پەیمانگە ناحکوومییەکان، هەروەها نووسین و ژمارە تەلەفۆنی خزمەتگوزارییەکان. ئەم کارە بووەتە هۆی ناشرینکردنی دیمەنی گشتیی شەقام و کۆڵانەکان.
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە، شارەوانیی هەولێر شەش تیمی تایبەتی پێکهێناوە کە هەفتانە چەند جارێک هەڵمەتی پاککردنەوە ئەنجام دەدەن. تیمەکان پۆستەر و ڕێکلامەکان لێدەکەنەوە و نووسینەکانی سەر دیوارەکانیش بە ڕەنگ دادەپۆشن.
شاخەوان کەریم، سەرپەرشتیاری یەکێک لە تیمەکان، بە کوردستان24ی گوت: "تیمەکانمان بەردەوامن و هەفتانە سێ بۆ چوار ڕۆژ کار دەکەین. هەر شوێنێک پێویستی بە پاککردنەوە بێت، دەستبەجێ کاری لەسەر دەکەین. ئەو لەزگانەی بە دیوارەکانەوەن زۆر ئازارمان دەدەن و بە زەحمەت لێدەکرێنەوە."
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر هۆشداری دەداتە ئەو کەس و لایەنانەی سەرپێچی دەکەن و ڕایگەیاندووە کە ڕێکاری یاسایی توندیان بەرانبەر دەگرێتە بەر.
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، گوتی: "هەڵمەتی لێکردنەوەی پۆستەر و ڕیکلامەکانمان دەستپێکردووە. ئەگەر پابەند نەبن، بەپێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2019، سزای پێبژاردنیان بۆ دەکرێت و ئەگەر پێویست بکات، شوێنەکانیان دادەخرێت." ئاماژەشی دا، تا ئێستا بە سەدان شوێن ئاگادارکراونەتەوە و هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت تا بەتەواوی کۆنترۆڵی دیاردەکە دەکەن.