کێڵگەی نەوتی خورمەڵە ئامادەی هەناردەکردنەوەی نەوتە بۆ بەندەری جەیهان

هۆشمەند سادق پەیامنێری کوردستان24 لە کێڵگەی خورمەڵەی باشووری شاری هەولێر ڕایگەیاند، لە هەر هەشت کێڵگە نەوتییەکەی هەرێمی کوردستان نەوت ڕەوانەی  خورمەڵە دەکرێت و هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ ئەوەی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە کێڵگە خورمەڵەوە بۆ پیشخابوور و لەوێشەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەست پێ بکرێتەوە.

ئاماژەیدا، بۆ دەسپێکردنەوەی پرۆسەکە، نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیای کار لە کێڵگەی نەوتی خورمەڵەن، بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە هەناردەکردنەوەکەی نەوتی خاو تاوەکوو پیشخابوور کە دوا خاڵی سنووری هەرێمی کوردستان لەسەر ئەرکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەبێت، لە پیشخابووریشەوە تاوەکوو بەندەری جەیهان ئەرکی حکوومەتی تورکیا دەبێت و لە بەندەرەکەش ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت، کە ئەرکی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی هۆشمەند سادق، کۆمپانیای سۆمۆ بۆ فرۆشتنەوەی نەوتی خاوی کوردستان ڕێککەوتنی لەگەڵ گەورە کۆمپانیایەکی بازرگانی نەوتی سویسرا کردووە، لەگەڵ گەیشتنی نەوتەکە بۆ بەندەری جەیهان، کۆمپانیا سویسرییەکە بەشێکی نەوتی خاوی کوردستان دەگوازێتەوە ئەورووپا و بەشەکەی دیکەشی هەناردەی ئەمەریکای باکوور و چەند وڵاتێکی دیکە دەکات.

ئەم ڕێککەوتنەی لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و  حکوومەتی فیدراڵ کراوە بۆ سێ مانگە و لەم ماوەیەدا کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە  240 بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن، 190 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت و 50 هەزار بەرمیلیش بۆ پێویستی ناوخۆ سوودی لێوەر دەگیرێت، بەڵام بۆ بودجەی گشتیی ساڵی 2026ی عێراق ڕێککەوتنەکە بەگوێرەی توانای بەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستان لە نەوتی خاو گۆڕانکاری تێدا دەکرێت.

دووری نێوان کێلگەی نەوتی خورمەڵە تاوەکوو بەندەری جەیهان نزیکەی 600 کیلۆمەترە، دەسپێکردنەوەی هەناردەکردنەکە و تا گەیشتنی بە بەندەرەکە ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت.

 
 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment