فەرەنسا: ڕێکخراوێک بە تاوانی جەنگ لە سووریا تۆمەتبار دەکرێت

پۆلیس فەرەنسا هەڵیکوتاوەتە سەر بارەگای ڕێکخراوی (ئێس ئۆ ئێس کریستیانەکانی ڕۆژهەڵات)ی ناحکوومەتی، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە ئەگەری بەشدارییان لە تاوانی شەڕ و دژە مرۆڤایەتی لە سووریا.
ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا، لە زاری دواکاری گشتیی فەرەنسا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ڕایگەیاند "پۆلیسی فەرەنسا هەڵیکوتاوەتە سەر بارەگای چەندان ڕێکخراو، لەوانە ڕێکخراوی (ئێس ئۆ ئێس کریستیانەکانی ڕۆژهەڵات) و چەند کۆمپانیا و ماڵ، جگە لەوەش ئیفادەی چەندان شایەت و تۆمەتبار وەرگیراوە."
لێکۆڵینەوەکان، لە نووسینگەی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی دژە مرۆڤایەتی و قڕکردنی بە کۆمەڵ و تاوانەکانی شەڕ، بەڕێوە دەچن، بۆ ئەوەی بزانن ئایا ئەو ڕێکخراوە نا حکوومییە، پارەی بۆ هێزەکانی بەرگریی نیشتمانیی، کە لایەنگری سەرۆکی لەکارلادراوی سووریا، بەشار ئەسەدن، ناردووە؟ ئەو هێزانە، لە لایەن حکوومەتی ئێستای سووریاوە بە تاڵانکردنی گوندەکان و کوشتنی خەڵکانی سڤیل و ڕاهێنانی سەربازیی بە منداڵان، تاوانبار دەکرێن.
شارل دو مییەر، سەرۆکی ڕێکخراوی (ئێس ئۆ ئێس کریستیانەکانی ڕۆژهەڵات) بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسای ڕاگەیاند "پۆلیس سێ ڕۆژی بەردەوام، بە وردی چوار بارەگای ڕێکخراوەکەمانی لە پاریس و دەوروبەری پشکنیوە."
دو مییەر، ڕاشیگەیاندووە "ڕێکخراوەکەی ئێمە بە هیچ شێوەیەک بەشداریی ئەو تاوانانەی نەکردووە و کار و چالاکییەکانی تەنیا بۆ هاوکاریی ئەو مەسیحیانەن کە بوونەتە قوربانی تیرۆر، بەتایبەتی لە لایەن ڕێکخراوی داعشەوە."
بەڵام پۆلیسی فەرەنسا گومانی هەیە لەوەی ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەو ڕێکخراوە، هەندێ جار، لە ئاست تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی سووریا بێدەنگ بوونە؛ بە تایبەتیش پرسیاری ئەوە دەکرێت ڕێکخراوەکە چون یارمەتییە داراییەکانی لە سووریای سەردەمی ئەسەددا خەرج کردووە؟