هەڕەشەی کوشتن لەو دادوەرە دەکرێت کە سزای سارکۆزی دا

دوای ئەوەی دادگای تاوانەکانی پاریس سزای 5 ساڵ زیندانیی بەسەر نیکۆلا سارکۆزی، سەرۆکی پێشووی فەرەنسادا سەپاند، سەرۆکی ئەو دادگایەی کە بڕیارەکەی دەرکردبوو، هەڕەشەی کوشتنی لێ دەکرێت.

شەممە، 27ـی ئەیلوول 2025، ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا، بڵاوی کردەوە "لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەی کوشتن لەو دادوەرە کراوە کە سزای نیکۆڵا سارکۆزی، داوە. یەکێتیی سەندیکای دادوەران، نیگەرانیی خۆی لە پیشاندانی دەسەڵاتی دادوەری و داواکاری گشتی و دادگا، وەک دوژمنی سیاسی دەربڕی و ڕایگەیاند، ئەو جۆرە هەڕەشانە، تەنانەت ئەگەر ناڕاستەوخۆش بن، مەترسین بۆ سەر سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری."

یەکێتیی سەندیکای دادوەران (USM) ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند "دوای ئەوەی سەرۆکی ئەو دادگایەی کە سزای 5 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر سەرۆکی پێشوو نیکۆلا سارکۆزیدا سەپاندبوو، هەڕەشەی کوشتن و توندوتیژیی توندی لێ کرا، سکاڵایەکی فەرمییان پێشکەش بە دەسەڵاتی دادوەریی فەرەنسا کردووە."

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، دادگا، سزای 5 ساڵ زیندانیی بەسەر سارکۆزیدا سەپاند، دوای ئەوەی سەلمێنرا کە تێوەگلاوە لە ڕێگەدان بە کەسانی نزیک لە خۆی بۆ پەیوەندیکردن بە سەرکردەی کۆچکردووی لیبیا، موعەمەر قەزافی، بە مەبەستی وەرگرتنی پارەی نایاسایی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی لە ساڵی 2007 دا. ئەم سزایە بە حاڵەتێکی بێوێنە لە فەرەنسادا دادەنرێت.

یەکێتییەکە، داوای لە هەموو لایەنەکان کرد "بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت لەگەڵ بابەتەکەدا بکەن، چونکە لاوازکردنی دەسەڵاتی دادوەری، لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی لاوازبوونی دەسەڵاتی گشتیی دەوڵەت."

ئۆرێلیان مارتینی، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی یەکێتییەکە، بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسای ڕاگەیاند "سەرۆکی دادگاکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەی لێ کراوە و وێنەکەشی بڵاو کراوەتەوە. ئێمە زۆر نیگەرانین و بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەین."

هەروا سەندیکای مافپەروەران (SM) ئیدانەی ئەو هێرشەی کرد و بە "هێرشی بەشێک لە چینی سیاسی" وەسف کرد، کە پێیان وایە سزادانی سەرۆکی پێشوو، بەرئەنجامی دەستدرێژی، یان تەنانەت تۆڵەسەندنەوەی دەسەڵاتی دادوەرییە.

 سەندیکاکە، کە ئاراستەیەکی چەپی هەیە، ئاماژەی بەوەدا کە تۆمەتبارکردنی دادوەران لەلایەن تۆمەتبارانەوە بووەتە ستراتیجییەتێکی باو لەنێو ئەو کەسایەتییە ناسراوانەی کە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە یان سزادان دەبنەوە.

سەندیکاکە جەختی لەوە کردەوە "دادوەران، ئەرکەکانیان بە بێلایەنی، پیشەگەری و سەربەخۆیی تەواوەوە جێبەجێ دەکەن."

نیکۆلاس سارکۆزی لە  2007 تاوەکو 2012 سەرۆکی فەرەنسا بووە و بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2018 تۆمەتبار کرا بە پاڵپشتیی دارایی نایاسایی و کاری گەندەڵی.

سارکۆزی لە ساڵی 1955 لە پاریس لەدایک بووە، پێش ئەوەی ببێتە سەرۆکی فەرەنسا، چەندین پۆستی دیکەی حکوومیی هەبووە وەک؛ وەزیری ناوخۆ، بودجە، دارایی و پەیوەندییەکان.

 
Fly Erbil Advertisment