ڕەوشی تەندروستیی ئیسماعیل بێشکچی تێکچوو و ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا

ئیسماعیل بێشکچی، بیرمەندی تورک و دۆستی گەلی کورد، ڕەوشی تەندروستیی تێکچوو و بۆ چارەسەری ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.
شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025، ماهر یوکسەل، پەیامنێری کوردستان24، گوتی: ئیسماعیل بێشکچی، بیرمەندی تورک و دۆستی گەلی کورد، لەناکاو باری تەندروستیی تێکچوو و بە پەلە گەیەندرایە نەخۆشخانەی زانکۆی دیجلە لە دیاربەکر.
پەیامنێری کوردستان24، ڕایگەیاند: لەگەڵ پزیشکی تایبەتی بێشکچی قسەم کرد و پێی ڕاگەیاندم، "کە سەرەتا گەیەندرایە نەخۆشخانە باری تەندروستی زۆر ناجێگر بوو چونکە جەڵتە لێی دابوو، بەڵام ئێستا باری تەندروستی کەمێک جێگیرە".
پزیشکی تایبەتی بێشکچی، باسی لەوەش کرد، ڕاستە باری تەندروستیی ئیسماعیل بێشکچی ئێستا جێگیرە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تەمەنی هەڵکشاوە دەبێت لە ژێر چاودێری چڕ بمێنێتەوە.
هەروەها هەر ئەمڕۆ بێشکچی بەشداریی لە فێستیڤاڵی سینەمای دیاربەکر کردبوو، لە کاتی پێشکەشکردنی گوتەی خۆی لەناکاو ڕەوشی تەندروستی تێکچوو و کەوتە سەر زەوی.
ئیسماعیل بێشکچی لە 7ـی کانوونی دووەمی ساڵی 1939، لە دێی ئیسکلیپی سەر بە پارێزگای چۆروم لە تورکیا، لە خێزانێکی تورک و دیندار لەدایکبووە.
بێشکچی بە دۆست و داکۆکیکاری گەلی کورد ناسراوە، بەم هۆیەوە بۆ ماوەی 17 ساڵ و دوو مانگ لە چەندین ناوچەی وڵاتەکەی زیندانی کراوە، دواجار لە ساڵی 1974 ئازاد کرا.