ئیلهام ئەحمەد: پرۆسەی ئاشتیی تورکیا کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کوردانی سووریا هەیە

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕایگەیاند، پرۆسەی ئاشتی لە نێوان تورکیا و پەکەکە کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر کوردانی سووریا هەیە و ئەوانیش خوازیاری دەستپێکردنی گفتوگۆن لەگەڵ ئەنقەرە.

شەممە 6ـی کانوونی یەکەمی 2025، ،ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری لە کۆنفرانسێکی ئاشتی لە ئیستەنبوڵ کرد کە لەلایەن پارتی دەم (DEM)ەوە ڕێکخرابوو. ئاماژەی بەوە کرد چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و ڕووکردنە خەباتی سیاسی و دیموکراسی، هیوای لە ناوچەکەدا دروست کردووە.

ئیلهام ئەحمەد گوتی: دەستپێشخەریی ئاشتی لە تورکیا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەیە. ئێمە دەمانەوێت پرۆسەیەکی گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا دەست پێ بکەین و سنوورەکانی نێوانمان بکرێنەوە.

سەبارەت بە ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، ئیلهام ئەحمەد ستایشی هەنگاوەکانی تورکیای کرد بۆ ئاشتی، بەڵام جەختی کردەوە ئازادکردنی ئۆجەلان پرۆسەکە خێراتر دەکات و ڕایگەیاند، باوەڕمان وایە ئازادبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێگە دەدات ڕۆڵێکی گەورەتر بگێڕێت و پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری خێراتر و باشتر بەڕێوە بچێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو بەرپرسەی ڕۆژئاوای کوردستان ستایشی مامەڵەی ئەنقەرەی کرد لەگەڵ دۆخی نوێی سووریا و گوتی: حکوومەتی تورکیا گفتوگۆ و پەیوەندی لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریا هەیە و کەناڵی کراوەشیان لەگەڵ ئێمە هەیە؛ هەست بە هەڵوێستێکی هەستیار و ورد دەکەین لەم بابەتەدا.

ئیلهام ئەحمەد لە کۆتاییدا جەختی لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا کردەوە و ڕایگەیاند: ئێمە پشتیوانی لە دابەشبوونی سووریا یان هیچ وڵاتێکی دیکە ناکەین، چونکە دابەشبوون ڕێگە بۆ شەڕی نوێ خۆش دەکات، بۆیە ئێمە بانگەشەی ئاشتی و پێکەوەژیان دەکەین.

 
 
Fly Erbil Advertisment