زلهێزەکانی ئەورووپا: سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا کارا کرایەوە

ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا (ترۆیکای ئەورووپی) سەر لە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2025، ڕایانگەیاند، سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران کارا کرایەوە. ئەم بڕیارە دوای تەواوبوونی میکانیزمی سناپباک، واتا "گەڕانەوەی سزاکان" دێت و وەک کاردانەوەیەک بۆ جێبەجێنەکردنی ئەرکەکانی تاران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی لێکدرایەوە.

وەزیرانی دەرەوەی هەرسێ وڵات لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، داوایان لە ئێران کرد خۆی لە هەر هەنگاوێکی هەڵکشان بپارێزێت و بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوون بە ئەرکەکانی لە ژێر پارێزبەندییە یاساییە پابەندکەرەکاندا. ئەوان ئاماژەیان بەوەش کرد، دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی دیپلۆماسی نییە.

سێ زلهێزەکە ڕایانگەیاند، بەردەوام دەبن لە کارکردن لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی نوێ، بە مەبەستی دڵنیابوون لەوەی ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت. جەختیشیان لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی خێرای ئەو سنووردارکردنانەی کە دووبارە سەپێنراونەتەوە، کردەوە و داوایان لە هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد ئەو سزایانە جێبەجێ بکەن.

لای خۆیەوە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، داوای لە ئێران کرد دوای سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕازی بێت لەسەر دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا.

ڕوبیۆ ڕایگەیاند، بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا پشتڕاستی دەکاتەوە، جیهان ملکەچی هەڕەشەکانی نابێت و تاران لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت. ئاماژەی بەوەشدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی  ئەمەریکا، بە ڕوونی باسی لەوە کردبوو، دەرگای دیپلۆماسی بە کراوەیی ماوەتەوە و گەیشتن بە ڕێککەوتن بە باشترین بژاردە بۆ گەلی ئێران و جیهان دەمێنێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە وڵاتانی دیکە کرد "بەپەلە سزاکان جێبەجێ بکەن" گەمارۆکانی بۆ سەر تاران دەستپێبکەن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment