قۆناغی یەکەمی پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەستیپێکرد

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2025، بە گوێرەی زانیارییەکانی شەیما بایز، پەیامنێری کوردستان24، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی بە چاندنی ملیۆنان دار لە دەوروبەری شاری هەولێر دەستیپێکرد. ئەم پڕۆژە ستراتیژییە، کە چاوەڕوان دەکرێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کەمکردنەوەی خۆڵبارین، ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی هەبێت.
کاتژمێر 7:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، کۆمپانیای جێبەجێکار دەستی بە کارەکانی کرد. لە ڕۆژانی ڕابردوودا شوێنەکە بە تەواوی دیاریکرابوو و سیاج کرابوو، بەڵام ئەمڕۆ کاری پاککردنەوە و ئامادەکردنی ڕێڕەوەکانی نەمام چاندن دەستیپێکرد.
لە قۆناغی یەکەمی ئەم پڕۆژەیەدا، کە ڕووبەرەکەی 13 هەزار دۆنم دەبێت، تەنیا داری زەیتوون و فستق دەچێنرێت. بە گشتی، حەوت ملیۆن دار لە پشتێنەی سەوزایی هەولێردا دەچێنرێت، بەڵام لەم قۆناغەدا تەنها داری زەیتوون دەچێنرێت.
پێشتر لێکۆڵینەوەی ورد ئەنجامدراوە و چەندان لیژنە سوودیان لە ئەزموونی ئەندازیارانی دەرەوەی وڵات وەرگرتووە. پێش ماوەیەک، ئەندازیارانی وڵاتی یۆنان سەردانی هەولێریان کرد و لێکۆڵینەوەیان لە خاک، ئاو، هەوا و ژینگەی ناوچەکەدا کرد، بۆ ئەوەی بزانن چ جۆرە دارێک گونجاوە بۆ چاندن لە هەولێر. هەر بۆیە بڕیار وایە ئەمڕۆ لە نزیکەوە سەردانی ئەم پڕۆژەیە بکەن.
قۆناغی یەکەم کەوتووەتە سنووری بەحرکە و چاوەڕوان دەکرێت کاریگەری گەورەی هەبێت. ئەم پڕۆژەیە لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بووە، بە ئامانجی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی شاری هەولێر.
پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی یەکێکە لەو پڕۆژانەی کاریگەری لەسەر کەشوهەوا دەبێت. حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵێکی زۆری داوە بۆ پاکترکردنی ژینگەی هەرێم. لە ماوەکانی ڕابردووشدا چەندان ڕێکار بۆ پاک ڕاگرتنی ژینگە گیرانەبەر و چەندان پڕۆژەش جێبەجێکران، لەوانەش داخستنی مۆلیدەی گەڕەکەکان و پڕۆژەی ڕووناکی. لە ماستەر پلانی هەولێریشدا، پشتێنەی سەوزایی یەکێک بووە لە پڕۆژە گرنگەکانی پاک ڕاگرتنی ژینگەی هەولێر. بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژە ستراتیژییە، ڕێژەی سەوزایی شارەکە بە ڕێژەی 25% زیاد دەکات.