ئامادەکاری بۆ قۆناغی دووەمی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک دەکرێت

وەزارەتی بازرگانی عێراق پابەند نەبووە بەو بەڵێنەی بە جووتیارانی هەرێمی کوردستانی دابوو

وەزارەتی بازرگانی هەرێم ڕایگەیاند، قۆناغی یەکەمی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک ڕاگیرا و ئامادەکاری بۆ قۆناغی دووەم دەکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، قۆناغی یەکەمی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک لە سەرانسەری عێراق، لەوانەش هەرێمی کوردستان، ڕاگیراوە.

ئاماژەی بەوەدا، ئێستا ئامادەکاری بۆ قۆناغی دووەم دەکرێت، لە ئایندەیەکی نزیکدا دەستپێدەکات. قۆناغی دووەم بریتی دەبێت لە زیادکردن و کەمکردنی ئەو هاووڵاتییانەی کە تا ئێستا نەیانتوانیوە خۆیان تۆمار بکەن، یان ئەو منداڵانەی لەدایکبوون و تۆمار نەکراون. هەروەها، ئەو کەسانەشی لە گەڕەکێکەوە بۆ گەڕەکێکی دیکە یان لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە گوازراونەتەوە، و ئەو هاوسەرانەی فۆڕمی جیایان نییە، دەتوانن لەم قۆناغەدا کارەکانیان ئەنجام بدەن.

شێخ کامیل ڕوونی کردەوە، جێبەجێکردنی قۆناغی دووەم پێویستی بە کۆمەڵێک میکانیزم، ئامێر و کۆمپیوتەر هەیە، بۆیە داوایان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو ئامێرانەیان بۆ دابین بکات.

سەبارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتی: "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆم کرد. ئەوان ئامادەییان تێدایە و ڕایانگەیاندووە کە هەرێمی کوردستان پێش شارەکانی دیکەی عێراق دەخەن، بە مەرجێک ئەو پێداویستیانەی هەیە، بۆیانی دابین بکەن، تاکوو دەست بە قۆناغی دووەم لە کوردستان بکەن."

گوتیشی: "لای خۆمانەوە، ئێمە لەسەر هێڵین لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی، تاکوو بە زووترین کات ئەو پێداویستیانەمان بۆ دابین بکەن."

نەوزاد شێخ کامیل جەختی لەوەش کردەوە، هەرێمی کوردستان لە چاو شارەکانی دیکەی عێراق هەنگاوی زۆر باشی ناوە و لە پێشەوەیە، بۆیە کارەکان لە هەرێمی کوردستان بە ئاسانتر دەکرێن. ئەم قۆناغە بەردەوام دەبێت.

دەشڵیت: قۆناغی سێیەمیش لەگەڵ بریکارەکان دەبێت ئەوایان گرووپێکیان لە واتس ئەپ بۆ دەکەینەوە و تێیدا هەموو ڕێکارو ڕێنماییەکانیان پێدەڵێین.

باسی لەوەش کرد، وەزارەتی بازرگانی عێراق پابەند نەبووە بەو بەڵێنەی بە جووتیارانی هەرێمی کوردستانی دابوو، بۆیە وەرگرتنی گەنمەکان و پارەی جووتیاران دواکەوتووە.

نەوزاد شێخ کامیل، ڕاشیگەیاند، ماوەی هەفتەیەکە 57 ملیار دیناریان بۆ ناردووین، لەم ڕێژەیە 25ـی ملیاری بۆ سلێمانییە 20ـی بۆ هەولێرە و 12شی بۆ دهۆکە. بڕیار بوو دەست پێبکەین، بەڵام کێشەکە لەوەدایە، ساڵای ڕابردوو بانکی مەرکەزی لەگەڵ لقی هەولێر و سلێمانی هەماهنگیان هەبوو پارەکە ڕاستەوخۆ دەچووە سەر هەژماری بانکییەکە. لە لقی سلێمانی و هەولێر، بەڵام بۆ ئەمساڵ دەڵێت ئەم پارەی ئێمە ناردوومانە دەبێت بچێتە بانکی تی بی ئای، ئەو بانکەش بانکێکی کەرتی تایبەتە ڕێنمای خۆی هەیە. دەڵیت من ناتوانم زیاتر لە 100 ملیۆن دینار بدەم بە جووتیار لە ڕۆژێکدا، چونکە کارمەندم نییە و دەسەلاتی 100 ملیۆنم هەیە خەرجی بکەم. ئەمە بووەتە گرفت بۆمان. بۆیە بۆ ئەو گرفتە لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق دوو ڕۆژە لەسەر هێڵین بۆ ئەو بابەتە.

 
 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment