وەزارەتی ناوخۆ ناوەڕۆکی ڕێبەری سەلامەتی بڵاوکردەوە

ڕاوێژکاریی یاسایی وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری ڕێبەری سەلامەتی رایگەیاند، ڕێبەری سەلامەتی بە مەبەستی پاراستنی گیان و سەلامەتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت لە کۆمەڵگە دانراوە.

د. سامی جەلال ڕاوێژکاریی یاسایی وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری ڕێبەری سەلامەتی پوختەیەکی لەسەر ڕێبەری سەلامەتی پێشکەش کرد و گوتی: ڕێبەری سەلامەتی بریتە لە کۆمەڵێک پێوەری هونەری کە لەلایەن لیژنەیەکی تایبەت لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دانراوە، بە مەبەستی پاراستنی گیان و سەلامەتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت لە کۆمەڵگە.

سامی جەلال ئاماژەی بەوەشکرد، بە پێی ئەم ڕێبەرە نوێیە دروستکردنی باڵەخانە و کارگە و پرۆژەی گەورە و بچووک و پێویستە بە شێوەیەکی ڕێک و پێک سەلامەتی گشتی تێدا پەیڕەو بکرێت. گوتیشی: سێ پێوەری سەرەکی لە جیهاندا هەیە ئەوانیش پێوەری 'ئەمەریکی NFPA، ئەورووپی EN، بەریتانی BSI'ـیە، کە ئەم سێ پێوەرە لە هەموو جیهان باوەڕپێکراوە.

پێوەری NFPA

ڕێکخراوێکی ئەمەریکییە و تایبەتە بە پێوەرەکانی سەلامەتی لە ساڵی 1896 لە ئەمەریکا دامەزراوە، ئامانجیش لە دامەزراندنی دانانی پێوەر و کۆدی تایبەت بە پاراستن لە ئاگرکەوتنەوە، هەروەها نزیکەی 300 پێوەری دەرکردووە.

پێوەری EN  

کۆمیتەیەکی ئەورووپیە بۆ ستانداردەکان دەری دەکات و لە ژێر ئەم ستانداردانە چەندین ستانداردی تایبەت بە سەلامەتی گشتی دەکەن. ئەم کۆمیتەیە لە ساڵی 1961 دامەزراوە و گرنگترین پێوەرەکانی سەلامەتی تایبەتە بە سەرخەرەکان کە EN 81-72 و EN 54 ستانداردی سیستەمی زەنگی ئاگادارکردنەوە و EN 13501-1 ستانداردی پۆلێنکردنی بەرگریی ماددە دژە ئاگرە.

پێوەری BSI 

دەستەیەکی بەریتانییە بۆ پێوەرەکان. ئەم دەستەیە ستانداردەکانی کوالیتی و سەلامەتی گشتی بە بەرهەمەکان و سیستەمەکان و خزمەتگوزارییەکان دادەنێت و ستانداردەکانی گرنگترین پێوەر و ستانداردەکان لە بەریتانیا دانراوە و بە گشتییش پەیڕەو دەکرێن. گوتیشی: ئەو پێوەرانەی کە پەیوەندیدارە بە سەلامەتی گشتیش ئێمە سوودمان لێوەرگرتووە بریتییە لە،
-بەرگریی کەرەستەی بیناسازییەکان بۆ ئاگر.
-سیستەمی زەنگدانەوەی ئاگرکەوتنەوە.
-دیزاینی بەرگریی باڵەخانەکان بۆ ئاگر.

ڕاوێژکاریی یاسایی وەزارەتی ناوخۆ  ڕوونیشی کردەوە، ئێمە سێ کۆبوونەوەمان کرد، ئەم ستانداردانەمان هێنا و کۆکردەوە، زیاتر لە 15,000 لاپەڕە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و بۆئەوەی بتوانین ستانداردێک بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکەین.

جەختیشی کردەوە، بۆیە ئێمە لە هەر پێوەرێک، هی ئەمەریکی و بەریتانی و ئەورووپی، ئەو ستانداردانەمان هێناوە کە گونجاوە بۆ جێبەجێکردنی لە هەرێمی کوردستان. بەڵام بە هیچ شێوەیەک لەو سێ ستانداردە ئێمە لە پێوەرە سەرەکییەکان.گۆڕانکاریمان تێدا نەکردووە.

باسی لەوەش کرد، حەوت ڕێبەری سەرەکی هەیە کە ئێستا لە بەردەستماندایە:
1-پاراستنی باڵەخانەکان لە ئاگر.
2-سەلامەتی سیستەمی ئاگرکوژێنەوە.
3-سەلامەتی غازی شل (LPG) 
4-سەلامەتی غازی شل بۆ شوێنە پیشەسازییەکان.
5-دروستکردنی وێستگەکان و سووتەمەنی.
6-ڕێبەری سەلامەتی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت 

7-ڕێبەری سەلامەتی گواستنەوەی ماددە مەترسیدارەکان.

ڕاوێژکاریی یاسایی وەزارەتی ناوخۆ  گوتیشی: شەش ڕێبەری یەکەم لە یەکەوە هەتا شەش، ئێمە لە ستانداردەکانی NFPA و EN و BSI وەرمانگێڕاوە، بەڵام پێوەری حەوتەم وەک خۆی وەرمانگێڕاوە، نەمان توانیوە ەستکاری بکەین.

سیستەمی حەوتەم باسی گواستنەوەی ماددە مەترسیدارەکان دەکات، کە پێی دەڵێن UN Number.کە ئەویش لیژنەی نێودەوڵەتی ئەورووپی ساڵی 1947 دای ناوه و ئەو UNە پێک دێت لە چوار ژمارەی دیجیت. کە هەر لەو ژمارانە کۆدی ماددە مەترسیدارەکە دەستنیشان دەکات. بۆ نموونە 1203 کۆدی بەنزینە.

هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ڕێبەری سەلامەتی:
وەزارەتی ناوخۆ چەند هەنگاوێکی بۆ ناساندنی ڕێبەرەکە گرتووەتە بەر ئەوانیش.

هەنگاوی یەکەم: هەڵمەتێکی بەرفراوانی ناساندنی ڕێبەری سەلامەتی لە رێگەی کۆڕ و سیمینار لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و بۆ ئەو چین وتوێژانەی دەیانگرێتەوە. 
هەنگاوی دووەم: هەماهەنگی لەگەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەمەبەستی ناساندنی بەشەکانی رێبەری سەلامەتی بە هاووڵاتیان بۆ پاراستنی ژیان و سامانیان.
هەنگاوی سێیەم: دەرکردنی ڕێنمایی جێبەجێکردنی رێبەری سەلامەتی لەلایەن وەزیری ناوخۆ 

 هەنگاوی چوارەم: پێکهێنانی دەیان پسپۆڕ لە ئەفسەرانی بەرگریی شارستانیی و ئەندازیارانی تەلارسازی و شارستانی و میکانیک و کارەبا لە گشت بنکەکانی بەرگری شارستانی. بەمەبەستی پشکنینی وەرزی و لەناکاوی ئەم شوێنانەی ئەم ڕێبەرە دەیانگرێتەوە.

هەنگاوی پێنجەم: دروستکردنی (DATA PLATFORM) و ئاگاداریی بەردەوام لە پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان، و داتابەیسێکی گەورە لەسەر زانیاریی پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان.

 

 

 

 

 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment