سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر سزای خاوەنی ڕیکلامە نایاساییەکان دەدات
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بۆ نەهێشتنی دیاردەی ڕیکلامی تایبەت لەسەر شەقامە گشتییەکان، دەستی بە سەپاندنی سزا بەسەر خاوەنی ئەو ڕیکلامانەدا کردووە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دانانی ڕیکلام لە شوێنە گشتییەکان کە سیمای شار و جوانیی شەقامەکان تێکدەدەن. تیمەکانی شارەوانی هەفتانە سێ بۆ چوار جار گەڕان و پشکنین لە شەقامەکاندا ئەنجام دەدەن.
پۆستەری بیر لێدان، ئاوی پاک، دایەنگە، قوتابخانە و تەنانەت پەیمانگە ئەهلییەکان، هەموویان ڕیکلامی تایبەتن کە بەسەر دیوارە گشتییەکانەوە دانراون.
شارەوانیی هەولێر تیمی تایبەتی دەستنیشان کردووە بۆ لابردن و سڕینەوەی ئەم ڕیکلامانە، هەر ڕیکلامێکیش بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. ئەمجارە، جەختی ئەم تیمە زیاتر لەسەر پۆستەری قوتابخانە و پەیمانگە تایبەتەکانە.
شاخەوان کەریم، سەرپەرشتیاری تیمەکە، ڕایگەیاند:،"بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تیمەکاممان داناوە، هەفتەی سێ بۆ چوار ڕۆژە بەردەوامن، لە هەر شوێنێکیش ڕیکلام هەبێت ئاگادار دەکرێینەوە و بەزووترین کات دەگەینە شوێنەکە. ڕیکلامەکان لێدەکرێتەوە و نووسینەکانی سەر دیواریش ڕەش دەکرێتەوە. بەڵام ئەوەی زۆر بێزارمان دەکات پۆستەرەکانی سەردیوارن کە لەزگەن و بەزەحمەت لێدەکرێنەوە یاخود لە شوێنی ڕاوەستانی پاسەکان، یان عاموودی کارەبای هەڵی دەواسن، هەندێک ڕیکلام هەیە زۆر ناڕەحەتمان دەکات.
سەرەڕای گرنگیی هەبوونی بەشێک لەم ژمارانە بۆ خەڵک، بەڵام بێجگە لە تێکدانی سیمای شەقامە گشتییەکان، چاو و دەروونیش ماندوو دەکەن.
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر دەڵێت: بڕیارمانداوە هەستین بە لێکردنەوەی ئەو ڕێکلامانەی سەر شەقامەکان کە بوونەتە دیاردە و سەرپێچی، بۆیە ئەم ماوەیە کاری لەسەر دەکەین و لێیان دەکەینەوە و ئەو کەسانەی پابەند نەبن بە ڕێنماییەکان، بەپێی یاسای ژمارەی 3ـی ساڵی 2019، بە نووسراوی فەرمی ئاگادار دەکرێنەوە ئەگەر سەرپێچی بکەن ناچار بە پێ بژاردن دەبین و ئەگەر زۆر پێویستیش بکات شوێنەکەیان دادەخەین.
دەشڵێت: ئەو هەڵمەتەی دەستی پێکراوە، تێیدا بەسەدان شوێن ئاگادار کراوەتەوە، لەم هەفتەشدا هەڵمەتەکە چڕتر دەکرێتەوە ئەوانەی پابەند نەبن ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسا دەبنەوە.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر شەش تیمی شارەوانی و ژینگەپارێزیی دەستنیشان کردووە، هەفتانە سێ یان چوار جار ئەم جۆرە هەڵمەتانە ئەنجام دەدەن. تا ئێستا سەدان کەس ئاگادار کراونەتەوە و هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو بتوانن ئەم دیاردەیە کۆنترۆڵ بکەن.