بەشە خۆراکی نزیکەی 145 هەزار هاووڵاتی دهۆک ڕاگیراوە

لە دهۆک شەشەمین بەشە خۆراکی مانگانەی هاووڵاتیان دابەش دەکرێت، هەروەها ئەوانەی پسوولەی خۆراکیان نوێ نەکردووەتەوە بەشەخۆراکیان بڕدراوە.

هەجەر تاهیر عەلی، بەڕێوەبەری بازرگانی خۆراک لە دهۆک بە کوردستان24ـی گوت: "ئەمە شەشەمین بەشە خۆراکی مانگانەی ئەمساڵ و یەکەم بەشی خۆراکی دوای نوێکردنەوەی پسوولەی خۆراکی ئەلیکترۆنییە دابەشی دەکەین، گوتیشی:  نزیکەی 145 هەزار کەس لە بەشەخۆراکی ئەم مانگە سوودمەند نەبوون، چونکە چونکە لە ئەپڵیکەیشنەکەدا خۆیان تۆمار نەکردووە."

گوتیشی: "دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییان بە بڕینی خۆراکی هاووڵاتیان نییە، پڕۆسەی سەرتاسەری عێراق هەمووی بەو شێوەیەیە، ئەو کەسانەی خۆیان تۆمار لە ئەپڵیکەیشنەکە تۆمار نەکردووە، خۆراکەکانیان بڕدراوە."

قەیس وەیس، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پسوولەی خۆراکی دهۆک، گوتی "زۆربەی ئەو کەسانەی کارتی نیشتمانییان دەرنەکردووە و بەغدا داوایکردبوو کە ناسنامەی خۆیان نوێبکەنەوە، شەش مانگ چاوەڕوان دەکەین تاوەکوو ناسنامەکانیان نوێدەکەنەوە و دەیگۆڕن بۆ کارتی نیشتمانی، بەڵام بەشە خۆراکەکایان بڕدرا.

قەیس وەیس ئاماژەی بەوەدا، "هەندێک خەڵک ناسنامەیان شێخانە و لە پارێزگای دهۆک دەژین، بەڵام پسوولەی خۆراکیان موسڵە ئەوە بەشە خۆراکیان نەبڕدراوە، بەڵام ئەوانەی ناسنامەیان شێخانییە و پسوولەی خۆراکیان دهۆکە، ئەوە بەشە خۆراکیان بڕدراوە. ئەمەش نادادپەروەرییە لەنێوان هاووڵاتیانی شێخان.

هاووڵاتیانی پارێزگای دهۆک، کە بەشە خۆراکی مانگانەیان بڕاوە، چاوەڕێی کارکردنەوەی سیستەمی ئەلیکترۆنی تۆمارکردنی بەشە خۆراک دەکەن، تا بتوانن جارێکی تر خۆیان تۆماربکەن و بەشە خۆراکی مانگانەیان پێبگات. دامودەزگاکانی پەیوەندیدار لە دهۆکیش کاردەکەن بۆ ئەوەی سیستەمەکە بخرێتەوە کار.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment