لە هەولێر بەردی بناغەی کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی و سەنتەرێکی ڕاهێنان دانرا

لە گەڕەکی هەولێری نوێ بەردی بناغەی کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی و سەنتەرێکی ڕاهێنان بەهەماهەنگی وەزارەتی پەروەردە و ئاژانسی کۆیکای کۆریای باشوور دانرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2025، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەڕێوەڕەسمی دانانی بەردی بناغەی کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی ڕایگەیاند، کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی و سەنتەرێکی ڕاهێنان لە گەڕەکی هەولێری نوێ دروست دەکرێت و هەروەها 10 قوتابخانە لە قوتابخانەکانی زەیتوون و هەروەها کتێبخانەی زەیتوونە لە هەولێر نۆژەن دەکرێتەوە، تێچووی نۆژەنکردنەوەکە لەسەر ئەرک و بودجەی ئاژانسی کۆیکای کۆریە.

وەزیری پەروەردە گوتیشی: "ئەم هەنگاوە درێژەپێدەری کارەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆریای باشوورە کە لەدوای 2003ەوە تا ئێستا بەردەوامی هەبووە، ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر کونسوڵخانەی کۆریای باشوور و تیپی زەیتوون و ئێستاش ئاژانسی کۆیکا، هەماهەنگی وەزارەتی پەروەردە و سێکتەرە جیاوازەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوونە."

ئالان حەمە سەعید ڕاشیگەیاند، ڕۆڵی دامەزراوەی کۆیکا لە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان و مەشقپێکردنی مامۆستایانی بەرز دەنرخێنین، بە ناوی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، سوپاسی کونسوڵی کۆریای باشوور و دامەزراوەی کۆیکا دەکەین.

 هەروەها ئالان حەمە سەعید ئاماژەشی دا، ئەمڕۆ بەردی بناغەی پڕۆژەکە دادەندرێت بەڵام لە مانگی شوباتدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 
 

 

Fly Erbil Advertisment