سوپای ئیسرائیل هەڵیکوتایە سەر چەند گوندێکی سووریا

سوپای ئیسرائیل سنووری سووریای بەزاند و چووەنەتە نێو چەند گوندێکی سنووری پارێزگای قونەیتەرە لە باشووری وڵاتەکە و میدیای سووریا بڵاوی کردووەتەوە، سەربازە ئیسرائیل هەوڵیانداوە بە زۆرملێ داواکاری بە دانیشتووانی گوندەکان پڕ بکەنەوە.
تەلەفزیۆن و میدیای فەرمی حکوومەتی سووریا بڵاویکردووەتەوە، کاروانێکی سەربازیی سوپای ئیسرائیل لە 15 ئۆتۆمبێلی سەربازی پێکهاتبوون، هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی سەیدا و چەند گوندێکی دیکە لە سنووری پارێزگای قونەیتەرە، بە گوێرەی زانیارییەکانی میدیای حکوومەتی سووریا، سەربازە ئیسرائیلییەکان بە پاساوی پێدانی هاوکاریی مرۆیی هەوڵیانداوە بە زۆرە ملێ فۆرمی قبووڵکردنی هاوکارییەکان پڕ بکەنەوە، بەڵام دانیشتووانی گوندەکان فشارەکانیان ڕەتکردووەتەوە.
هەروەها کەناڵەکە ئاماژەیداوە، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە، سوپای ئیسرائیل لە باشووری سووریا و لە چەند ناوچەیەک سنوورەکانی بەزاندووە، بە تایبەت لە سنووری پارێزگای قونەیتەرە چەند بنکەیەکی سەبازیی دامەزراندووە.
ئەم جموجووڵە سەربازییە سوپای ئیسرائیل لە خاکی سووریا لە کاتێکدایە، دەنگۆکانی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی حکوومەتی سووریا لەگەڵ ئیسرائیل بە نێوەندگیری ئەمەریکا نزیکە، بەڵام ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە گوتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک ڕەخنەی توندی لە ڕەفتارەکانی سوپای ئیسرائیل و بەزاندنی سنوورەکانی سووریا گرت و ڕایگەیاند، لە دوای 8ی کانوونی یەکەمی 2024ـەوە، لەوەتەی ڕژێمی بەعس ڕووخاوە، سوپای ئیسرائیل زیاتر لە هەزار هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر خاکی سووریا و نزیکەی 400 جاریش سنوورەکانی سووریای بەزاندووە.