نرخی نەوت زیاتر دابەزی

بەهۆی کۆرۆنا بۆ چوارەم رۆژه‌ لەسەر نرخی نەوت دادەبەزێت

K24 - ھەولێر

بەهۆی مەترسییەکان لە شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا، نرخی نەوت لەمیانی مامەڵەکانی ئەمڕۆ سێشەممەدا بۆ چوارەم رۆژه‌ لەسەر یەک داده‌بەزێت.

بەهۆی شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا و هەڵکشانی ژمارەی تووشبووان، خواست له‌سه‌ر سووتەمەنی کەمیکردووە و لە بەرامبەردا خستنەڕووی نەوت زیادیکردووە و بەرهەمهێنانی نەوتی لیبیاش بەرزبووەتەوە.

نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 0.8% بۆ 42.28 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی و نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسیش بە رێژه‌ی 0.71% بۆ 40.77 دۆلار دابەزی.

لە هەمان کاتدا بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی بازاڕی نەوت، دوێنێ دووشەممە، لیژنەی وه‌زاری رێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی کۆبوونەوە، جەختیان لە پابەندی کەمکردنەوەی 7 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە کرد تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ و لە سەرەتای ساڵی داهاتووشەوە رۆژانە 5 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل نەوت کەم دەکەنەوە.