میشیگان.. بەهۆی ڕووداوێکی تەقەکردن لە کڵێسایەک 10 کەس بوونەتە قوربانی

پۆلیسی شارۆچکەی گراند بلانک لە ویلایەتی میشیگان ڕایگەیاند، بەهۆی ڕووداوێکی تەقەکردن لە کڵێسایەک 10 کەس بوونەتە قوربانی، سەرۆکی ئەمەریکاش دەشڵێت: ڕەنگە ئەمە هێرشێکی دیکەی مەبەست دار بێت بۆ سەر مەسیحییەکان.
ویلیام ڕێنی، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆچکەی گراند بلانک، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، لە ئەنجامی تەقەکردنێک لە کڵێسایەکی مۆرمۆنەکان لە ویلایەتی میشیگان، کەسێک کوژراوە و نۆ کەسی دیکە برینداربوون.
باسی لەوەش کرد، ڕووداوی تەقەکردنەکە ئەمڕۆ یەکشەممە لە کڵێسای "The Church of Jesus Christ of Latter-day Saints" لە گراند بلانک، ڕوویداوە؛ ئاماژەشی داوە، "تەقەکەرەکە پیاوێکی تەمەن 40 ساڵە و خەڵکی شارۆچکەیەکی نزیک کڵێسایەکە بووە، دوای هێرشەکە لەلایەن هێزەکانەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە؛ پێشبینی دەکەین بکوژەکە پێش وەختە ئاگری لە کڵێسایەکی بەردابێت، بەڵام ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە."
بەڕێوەبەری پۆلیس گوتیشی: تەقەکەرەکە بە ئۆتۆمبێڵ بەسەر کڵێساکەدا داوە و دواتر دەستڕێژی کردووە، دەشڵێت: لە کاتی ڕووداوەکەدا ژمارەیەکی زۆر کەس لە کڵێسایەکە بوون.
هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: "تەقەکەرەکە کوژراوە، بەڵام هێشتا زۆر شت ماوە لێکۆڵینەوە لەبارەوە بکرێت، دەشڵێت: پێدەچێت ئەمە هێرشێکی دیکەی ئامانجدار بێت بۆ سەر مەسیحییەکان لە ئەمەریکا".
گرێچن ویتمەر، پارێزگاری میشیگان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، هاوخەمی قوربانیانە و گوتیشی: "توندوتیژی لە هەر شوێنێکدا، بەتایبەتی لە شوێنی پەرستندا، قبووڵنەکراوە."
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی ئەمڕۆ ڕووسێڵ نێڵسن، بەتەمەنترین سەرۆکی کڵێسای "The Church of Jesus Christ of Latter-day Saints" لە تەمەنی 101 ساڵیدا، کۆچی دوایکرد.