وەزارەتی ناوخۆی سووریا: قەناس بەدەستی جۆبار دەستگیر کرا

وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەستگیرکردنی عەلا غەساب سوودی، ناسراو بە "قەناس بەدەستی جۆبار" ڕاگەیاند. ئەو قەناس بەدەستە لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی بەشار ئەسەد تێوەگلابوو لە تاوانەکانی دژی هاووڵاتیانی مەدەنی.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە پۆستێکیدا لە هەژماری ئێکس ڕایگەیاند، "فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای دەرعا، دوای چاودێری و بەدواداچوونی ورد، توانی تاوانبار عەلا غەساب سوودی، ناسراو بە 'قەناس بەدەستی جۆبار' دەستگیر بکات، کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا دەستی هەبووە لە ئەنجامدانی تاوانی گەورە دژی هاووڵاتیانی مەدەنی."
ئاماژە بەوەشکراوە، لە "لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە تێوەگلانی لە شەڕەکانی گەڕەکی جۆبار لە دیمەشق، جگە لە چەند شەڕێک لەناو پارێزگای دەرعا کە دوایینیان شەڕی شاری تەفس بووە، لە ئەنجامدا دەستی بڕیوەتەوە." باسی لەوەش کرد، لێکۆڵینەوەکان تێوەگلانی ئەوی لە بڕینی تەرمی قوربانییەکان و شانازیکردن بە وێنەی بەڵگەنامەیی خۆی پشتڕاستکردەوە کە چەکی جۆراوجۆری هەڵگرتووە.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا جەختی کردەوە "فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای دەرعا دووپاتدەکاتەوە بەردەوامی بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو کەسانەی دەستیان لە کردەوەی تاوانکاریدا هەیە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان بۆ دڵنیابوون لە خزمەتکردنی دادپەروەری."