ئەکسیۆس: کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە نزیکە

ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2025، ماڵپەڕی 'ئەکسیۆس'ـی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، پێشکەوتنی بەرچاو لە دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل سەبارەت بە پلانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە هەیە.
ستیڤ ویتکۆف نوێنەری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جارید کوشنەر زاوای ترەمپ لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان لەسەر پلانی دۆناڵد ترامپ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە کردووە.
ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکاوە ڕایگەیاندووە، "دوای دانوستانەکانی نێوان ویتکۆف، کوشنەر و ناتانیاهۆ، هەردوولا زۆر نزیکن لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر پلانەکەی ترەمپ."
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردووە، "ڕەزامەندی حەماسیش پێویستە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، کە هێشتا بە فەرمی نەکراوە."
ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ، کە بە کەناڵی ABC Newsگوت: گەشبینە بە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئیسرائیل لە غەززە.
دۆناڵد ترەمپ باسی لەوەشکرد، پێدەچێت هەلێک بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت، ئێمەش کارێکی زۆر باش دەکەین.
ماڵپەڕە ئەمەریکییەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ناتانیاهۆ و ڕاوێژکارەکانی لە میانی کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ ویتکۆف، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک باسیان لە پێشنیازەکەی ترەمپ کردووە بۆ ئاگربەست لە غەززە.
ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆس، بەشێک لە پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای لەبارەی کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە بڵاوکردووەتەوە، ئەمانە بنەما سەرەکییەکانن:
- ئاگربەستێکی هەمیشەیی لەنێوان حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی فەڵەستین لەگەڵ سوپای ئیسرائیل بکرێت.
- کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە تەواوی کەرتی غەززە بەشێوەی هەنگاو بە هەنگاو.
- دەبێت دوای 48 کاتژمێر لە جێبەجێکردنی ئاگربەست، سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکانیان ئازاد بکرێن.
- هێزە ئەمنییەکانی فەڵەستینی هاوشانی سەربازانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ئاسایشی کەرتی غەززە دەپارێزن.
- ئیسرائیل دەبێت نزیکەی 250 دیلی فەڵەستنی ئازاد بکات کە بە تاوانی کوشتنی خەڵکی ئیسرائیل سزای زیندانی تاهەتایی دراون، هاوکات نزیکەی دوو هەزار فەڵەستنی دیکەش ئازاد بکرێن کە لە دوای هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2003ـەوە دەستگیرکراون.
- پلانی دوای کۆتایی هاتنی شەڕ و میکانیزمی بەڕێوەبردنی غەززە بەبێ حەماس، ئەنجوومەنێکی نێودەوڵەتی و عەرەبی بە بەشداری نوێنەری دەسەڵاتی فەڵەستنی دەبێت، کە حکوومەتێکی سەربەخۆی تەکنۆکراتیی فەڵەستنی دەبێت لە غەززە.
- دەبێت وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی پشتیوانی دارایی دووبارە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی غەززە بکەن.
- دەسەڵاتی فەڵەستنی دەبێت بەشدارییەکی ڕێژەیی لە میکانیزمی ئیدارەی نوێی غەززە هەبێت.
- دەبێت بزووتنەوەی حەماس و کەرتی غەززە لە چەکداماڵدرێت، هەروەها هەموو چەکە قورسەکان و تونێلەکانی لەنێو ببرێن.
- ئەو ئەندامانەی حەماس کە ئارەزووی مانەوە لە غەززە و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی دەکەن، دەبێت ببەخشرێن، ئەوانەی دیکەش دەبێت ڕێڕەوێکی پارێزراویان بۆ بکرێتەوە لە غەززە دەربچن.
- کەرتی ڕۆژئاوای فەڵەستن بە ئیسرائیلەوە نا لکێندرێت و نابێت هیچ بەشێکی غەززەش داگیر بکات.
- ئیسرائیل بۆی نییە جارێکی دیکە و لە داهاتووشدا هێرشی سەر قەتەر بکاتەوە.
- چاکسازیی ڕیشەیی و فراوانی دەسەڵاتی فەڵەستینی دەبێتە بنەمایەک بۆ هەنگاوی داهاتووی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستن.
هەر لەو چواڕچێوەیەدا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاند،"ئەگەر سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماس کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن و هەموو بارمتەکان ئازاد بکەن، ئەوا ڕێگەیان ڕێڕەوێکی سەلامەتیان بۆ دەکەینەوە و تاوەکوو بە سەلامەتی بچنە دەرەوە."
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتریش باسی چوونە دەرەوەی سەرکردەکانی حەماسیان کردووە، بەڵام ئەم پلانە هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە، گوتیشی: حکوومەتەکەی هێشتا لەگەڵ تیمی ترەمپ گفتوگۆی لەسەر دەکات.
ناتانیاهۆ گوتیشی: هیوادارە پلانەکەی ترەمپ جێبەجێبکەن، چونکە دەمانەوێت بارمتەکانمان ئازاد بکەین، دەمانەوێت لە دەسەڵاتی حەماس ڕزگارمان بێت، چەکیان پێدانێین، ئایندەیەکی نوێ بۆ کەرتی غەززە و ئیسرائیلییەکان و بۆ تەواوی ناوچەکە بەدەستبهێنین.