کتێبی خولە پیزە، ڕۆبن هوودی کورد، بڵاو کرایەوە

بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە نووسەران و ڕووناکبیران، دوێنێ لە سلێمانی، کتێبی 'خولە پیزە، ڕۆبن هوودی کورد' بڵاو کرایەوە.

کتێبی 'خولە پیزە، ڕۆبین هوودی کورد' لە نووسینی د. بەکر شامحەممەد، بە وردی باس لە ڕووداوە مێژوویی و سیاسییەکانی کوردستان لە ساڵانی جەنگی جیهانی دووەم تا سەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو دەکات.

د. بەکر، سەبارەت بە ناوەرۆکی کتێبەکەی گوتی: کتێبەکە تەنیا تایبەت نییە بە ژیان و  بەسەرهاتی خولە پیزە، بەڵکوو بارودۆخی سیاسیی و مێژوویی ئەو سەردەمەی کوردستان دەگرێتەخۆ. لە ڕاستیدا، لەوە دەکۆڵێتەوە بۆچی ئەم هەموو کارەسات و ماڵوێرانییەمان بەسەردا هاتووە؟

بە داخەوە، نەوەی ئەمڕۆی کورد، ئاگەداری ڕاستیی ڕووداوە مێژووییەکان نین. ئەوان بەبێ ئەوەی خولە پیزە بناسن و بزانن بەسەرهاتەکەی چییە، بە چەتە و  ڕێگر و پیاوکوژ،  تاوانباری دەکەن. 

دکتۆر جەمال نەبەز، لە زاری باوکییەوە دەگێڕێتەوە "ئەگەر خولە پیزە جەردەش بووبێت، جەردەیەکی بەهەشتی بووە!"

د. بەکر گوتیشی: حەوت ساڵ سەرقاڵی نووسینی ئەم کتێبە بووم. هەوڵێکی زۆرم دا بۆ وەدەستهێنانی بەڵگەنامە و نووسراوە ڕەسمییەکانی پەیوەست بە ناوەرۆکی کتێبەکە.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment