کارکردن لە پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ بەردەوامە

یەکێک لە پرۆژە ستراتیجییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵە کە ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی چەمچەماڵ و گوندەکانی دەوروبەری دابین دەکات.

پرۆژەی ستراتیجیی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ، لە ساڵی 2024 دەست بە کارەکانی کراوە و بڕیارە لە ماوەی دیاریکراوی خویدا تەواو بکرێت و ئاوی خواردنەوە بۆ 480 هەزار کەس لە دانیشتووانی چەمچەماڵ و گوندەکانی دەوروبەری دابین بکات.

ڕەمک ڕەمەزان، قایقامی چەمچەماڵ، بە دالیا کەمال، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ، تا ئێستا زیاتر لە %20ی کارەکانی تەواو بووە. ئەگەر کیشەی دابین کردنی بودجەمان نەبێت، لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، واتە لە ساڵی 2026 ڕادەست دەکرێت."

قایمقامی چەمچەماڵ گوتیشی: حەوزی ئاوی ئاغجەلەر، بە توانای گلدانەوەی 1000 مەتر سێجا ئاو، تەواو بووە. حەوزی پێنج هەزار مەتریی 'تەکێ'ش تەواو بووە و کارەکانی حەوزە دە هەزار مەترییەکەش بەردەوامە. هەروا کارکردن لە حەوزی 20 هەزار مەتریی بانی مەقانیش بەردەوامە.

بودجەی تەرخانکراو بۆ ئەم پرۆژەیە 78 ملیۆن دۆلارە و بە تەواوبوونی قەیرانی کەمئاوی شارۆچکەی چەمچەماڵ و گوندەکانی دەوروبەری چارەسەر دەبێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment