هاوکاریی دارایی سەرۆک وەزیران بەسەر ڕزگاربووانی دەستی داعش دابەش دەکرێت

زیاتر لە سێ هەزار ئێزدی ڕزگاربووی دەستی داعش، سوودمەندی پرۆژە هاوکاریی دارایی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانین، هەروەها پرۆژەکە خوێندنی خۆڕایی بەبێ مەرجی تەمەن و پاڵپشتی دەروونی لەخۆ دەگرێت.
ئیمان عەبدوڵڵا، سەرپەرشتیاری پرۆژە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لە شێخان دەستمانکرد بە دابەشکردنی هاوکاریی مانگی ئاب و ئەیلوولی ڕزگاربووانی دەستی داعش، کە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابین کراوە.
ئیمان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشدا، پرۆژەکە لە مانگی ئابی ساڵی 2024دا دەستیپێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە، هەروەها سێ هەزار و 575 کەس سوودمەندن لە هاوکارییەکەی سەرۆکی حکوومەت، ژمارەکەش لە زیادبووندایە تەنانەت ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتیشن دەتوانن سوودمەند بن لە هاوکارییەکە و لە ڕێگەی لینکێکەوە دەتوانن زانیارییەکانیان تۆمار بکەن.
سەرپەرشتیاری پرۆژەکە گوتیشی: لە دوای ڕاگەیاندنی هاوکارییەکە 15 کەسی دیکە ڕزگارکراون و لەنێو ئەو لیستەدا نەبوون کە پێشکەشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرابوو، بەڵام ئێستا ڕەزامەندی لەسەر ئەو ناوانە هاتووەتەوە کە لە ساڵانی 2024 و 2025 ڕزگارکراون و لە هاوکاریی ئەو دوو مانگە سوودمەند دەبن.
جەختیشی کردەوە، ئەو پرۆژەیە نەک تەنیا پاڵپشتی دارایی، بەڵکوو پاڵپشتی خوێندنیشی لەگەڵدایە و ڕزگاربووان دەتوانن سوودمەند بن لە خوێندنی بێ بەرانبەر و ئەگەر تەمەنیان گەورەتریش بێت وەکوو حاڵەتێکی تایبەت مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، دەتوانن لەنێو قوتابخانەکاندا بخوێنن، پرۆژەکە نەک تەنیا قوتابخانە بەڵکوو زانکۆ و خوێندنی باڵاش لەخۆدەگرێت.