چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت و سزاکانی سەر ئێران کۆدەبێتەوە

بڕیارە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە کۆببێتەوە و تاوتوێی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و میکانیزمی کۆتاییهێنان بەو وردەکاریانەی کە ماونەتەوە و پەیوەندییان بە پرۆسەی هەناردەکردنەوە هەیە بکەن.
سەرچاوەیەکی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بڵاویکردووەتەوە، گفتوگۆ لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و دۆسیەی ئێران و پێشهاتەکانی ئەم دواییە و لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئێرانییەکان بۆ تێپەڕاندنی چەند بابەتێکی گرنگ دەکرێت، هەروەها کاراکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران و چۆنیەتی مامەڵەکردنیان بەشێوەیەک کە کاریگەری لەسەر عێراق نەبێت، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیە.
سەرچاوەکەی هەماهەنگی گوتیشی: جگە لەوەش دۆسیەی سووریا و پێشهاتە ئەمنیەکان بەدرێژایی سنووری هاوبەش لەگەڵ سووریا و دۆخی هێزەکانی سووریای دیموکرات تاوتوێ دەکرێت.
ئەو سەرچاوەیە ڕوونیشیکردەوە، کە کێشەی ئاویش چارەسەر دەکرێت، هەروەها قەیرانەکە بە ڕێکخستنەوە و چارەسەرکردنی دۆخەکە بە شێوەیەک چارەسەر دەکرێت کە مافەکانی ئاوی عێراق بەپێی ڕێککەوتنەکانی پێشوو دەستەبەر بکات، ئەمە جگە لە پرسی هەڵبژاردن و ئامادەکاری لۆجستی و ئەمنی.
کاراکردنەوەی سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران، لە ڕۆژی یەکشەممەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، گەڕانەوەی ئەم سزایانە نیگەرانی عێراقییەکانی لێکەوتووەتەوە،چونکە پەیوەندییەکی نزیکی ئابووری و ئەمنی لەگەڵ تاران هەیە.
دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، کاتژمێر 6:50 خولەکی بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025 هەناردەکردنەوەی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی نەوتی پێشابوورەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستی پێکردەوە و ڕۆژانە 190 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی کوردستان لەو بەندەرە بەبازاڕ دەکرێت.
دوای چەندین کۆبوونەوەی شاندی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، دواجار ڕێککەوتنی سێقۆڵی لەنێوان هەردوو وەزارەت و کۆمپانیا بیانییەکانی وەبەرهێنانی نەوت کرا، بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جیهان دەکرێتەوە.