کۆشکی سپی: دەبێت حەماس و ئیسرائیل لە هەندێک مافی خۆیان سازش بکەن

سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئاگربەستی غەززە نزیکە، بەڵام دەبێت حەماس و ئیسرائیل لە سەر هەندێک مافی خۆیان سازش بکەن، چونکە ئەوە تاکە ڕێگەیە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە.
دووشەممە 29ـی ئەیلوولی 2025، کارۆڵاین لێڤت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیووز ڕایگەیاند، حەماس و ئیسرائیل زۆر نزیکن لە ڕێککەوتن لەبارەی ئاگربەستی غەززە و دڵنیاییدان بۆ ئاشتییەکی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی باسی لەوەش کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل باس لەو 21 خاڵە دەکات کە پێشکەشی سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کرد. گوتیشی: سەرۆکی ئەمەریکا قسە لەگەڵ سەرکردەکانی قەتەریش دەکات، چونکە قەتەر یەکێکە لە وڵاتانی نێوەندگیر.
کارۆڵاین لێڤت ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێکی گونجاو و دادپەروەر بۆ هەردوو لا بکرێت، دەبێت هەموو لایەک لە سەر هەندێک لە بەشی خۆیان سازش بکەن، چونکە لە کۆتاییدا ئەوە تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی ئەو شەڕە کۆتایی بهێت.
هەینی 26ـی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: پێم وایە لەبارەی ئاگربەستی غەززەوە ڕێککەوتووین، ڕوونیشی کردەوە، ڕێککەوتنێک کە کۆتایی بە شەڕ دەهێنێت و هەموو بارمتەکانیش ئازاد دەکرێن.
ڕۆژی سێشەممە 23ـی ئەیلوولی 2025، ترەمپ لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ سەرکردەکانی هەر یەکە لە تورکیا، میسر، پاکستان، قەتەر، ئیمارات، ئوردن و ئیندۆنیزیا کۆبووەوە، کە تایبەت بوو بە پرسی کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان.
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبارەوە گوتی: "پلانێکمان بە ناوی 'پلانی 21 خاڵیی ترەمپ' بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و غەززە پێشکەشی ئەو وڵاتانە کردووە."