یەکێتیی ئەورووپا سزاکانی دژی ئێران کارا کردەوە

یەکێتیی ئەورووپا پشتڕاستی کردەوە سزاکانییان دژی ئێران کارا کردووەتەوە، سزاکانیش سڕکردنی سەرت و سامان، قەدەغەکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتکردنی سەرکردەکانی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە.

سەرۆکایەتی یەکێتیی ئەورووپا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە: "ئەمڕۆ دووشەممە 29ـی ئەیلوولی 2025، یەکێتیی ئەورووپا بەهۆی ئەوەی ئێران بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 پابەند نەبووە، سزاکان دژی ئەو وڵاتە کارا کراون. دەشڵێت: سەرەڕای ئەوەش، بەڵام دەرگای دانوستان هێشتا کراوەیە".

ئاماژەشی داوە، سزاکان، بڵۆککردنی سەرت و سامانی ئێران لە بانکی ناوەندی و بانکەکانی دیکە دەگرێتەوە، هەروەها گەشتکردن لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە قەدەغەیە، هاوکات کڕین و گواستنەوەی نەوتی خاوی ئێرانی و فرۆشتن یان دابینکردنی زێڕ و هەندێک کەرەستەی دەریایی دیکە قەدەغە کردووە.

دوێنێ یەکشەممە، نەتەوە یەکگرتووەکان گەمارۆی چەک و سزاکانی دیکەی بەسەر ئێراندا سەپاندبوو.

وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان دا، کاتژمێر 3:30 بەیانی ڕۆژی یەکشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2025، سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران کارا کرانەوە.

بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە 28ـی ئاب پرۆسەیەکی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەر ئێرانیان چالاک کردەوە و 30 ڕۆژ مۆڵەتییان دایە ئەو وڵاتە پابەندبوونی خۆی دووپات بکاتەوە، ئەوان تارانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە پابەندی ڕێککەوتنی 2015ـی لەگەڵ نەبووە کە ئامانج لێی ڕێگریکردن بوو لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئێران ئەمە ڕەت دەکاتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment