پێشانگەیەکی بواری یاسایی بۆ کتێب لە هەولێر کرایەوە

وەزارەتی دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشانگەیەکی بۆ کتێبی بواری یاسایی کردەوە، بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکەش، کردنەوەی پێشانگەکە، لەپێناو پەرەپێدانی هۆشیاریی یاساییە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، بۆ پەرەپێدانی هۆشیاریی یاسایی، پێشانگەی یاسایی بۆ کتێب لەلایەن فەرسەت ئەحمەد، وەزیری داد و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کراوەتەوە، وەک وەزارەتەکە ئاماژەی بۆ کردووە، پێشانگەکە، پێشانگەیەکی هەمیشەیی وەزارەتەکەیان دەبێت بۆ کتێبی یاسایی و  ناوەندی توێژینەوەی یاسایی کە وەزارەتی داد سەرپەرشتی دەکات. 

وەزارەتی داد ڕایگەیاندووە، لەو پێشانگە هەمیشەییەدا، هەموو ئەو کتێبانە بەردەستن کە ناوەندی توێژینەوەی یاسایی، بە هەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بەچاپی گەیاندوون، لەگەڵ هەموو ژمارەکانی گۆڤاری(گرێبەستی کۆمەڵایەتی)، هەروەها نامیلکە یاساییەکان، کە هەموو کتێب و نامیلکەو ناوەڕۆکی گۆڤارەکەش تایبەتن بە بابەت و بوارە جیاجیاکانی بواری یاسا. 

وەک لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی داد هاتووە، پێشانگەکە ئەو کتێبانەی بواری یاسا لە خۆدەگرێت کە لە هیچ کتێبخانەیەکی دیکە دەست ناکەوێت، چونکە چاپکراوەکانی ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی داد بەچاپی گەیاندوون، دەشڵێت: هەموو هاووڵاتی و کەسانی تایبەتمەندی بواری یاسا دەتوانن سەردانی بکەن و لەوێ کتێب بکڕن و داوای بکەن، ئاگەدارییەکیش دەدات لەوەی،  بۆ داهاتوو ناوەندی توێژینەوەی یاسایی چاپکراوی دیکەی ژمارەیەک ناوەندی یاسایی جیهانی لە پێشانگەکەدا دادەنێت. 

ئاماژە بەوەش دەکات، پێشانگەی یاسایی بۆ کتێب، لە دیوانی وەزارەتی دادەو هەموو ڕۆژانێکی دەوامی فەرمی لە کاتژمێر(9ـی بەیانی تاکوو 2ـی پاش نیوەڕۆ) کراوە دەبێت، لە مانگی داهاتووشەوە تاکوو کاتژمێر (6)ـی ئێوارە، پێشانگەکە کراوە دەبێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment