بەریتانیا 71 بەرپرسی ئەتۆمی ئێرانی خستە لیستی سزاکان

دوای یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان، بەریتانیاش بەشێک لە سزاکانی سەر ئێرانی کارا کردووە و دەیان بەرپرسی ئەو وڵاتەی خستە لیستی سزاکان.

دووشەممە 29ـی ئەیلوولی 2025، حکوومەتی بەریتانیا 71 بەرپرسی باڵای بەرنامەی ئەتۆمی تاران، دامەزراوە داریی و وزەکانی ئێران خستە لیستی سزاکان. ئاژانسی ڕۆیتەرز لەو بارەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئەم هەنگاوە دوای سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا بۆ سەر ئێران دێت، کە ئامانج لێی سنووردارکردنی هەوڵەکانی ئەو وڵاتەیە بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.

هاوکات سزاکان پێکهاتوون لە، بڵۆککردنی سەروەت و سامانی ئەو بەرپرسانە، سنووردارکردنی دارایی و قەدەغەی گەشتکردن لێیان.

هەر ئەمڕۆ یەکێتیی ئەورووپا سزاکانی سەر ئێرانی کارا کردەوە، هەروەها دوێنێ یەکشەممە، نەتەوە یەکگرتووەکان گەمارۆی چەک و سزاکانی دیکەی بەسەر ئێراندا سەپاندبوو.

وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان دا، کاتژمێر 3:30 بەیانی ڕۆژی یەکشەممە، 28ی ئەیلوولی 2025، سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران کارا کرانەوە.

بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە 28ـی ئاب پرۆسەیەکی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەر ئێرانیان چالاک کردەوە و 30 ڕۆژ مۆڵەتییان دایە ئەو وڵاتە پابەندبوونی خۆی دووپات بکاتەوە، ئەوان تارانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە پابەندی ڕێککەوتنی 2015ـی لەگەڵ نەبووە کە ئامانج لێی ڕێگریکردن بوو لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئێران ئەمە ڕەت دەکاتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment