کۆشکی سپی: ترەمپ، ناتانیاهۆ و شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی بە تەلەفۆن قسەیان کرد

سەرۆکی ئەمەریکا، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆک وەزیرانی قەتەر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، باسییان لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی قەتەر و ئیسرائیل، ئاساییشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی غەززە کردووە.
دووشەممە 29ـی ئەیلوولی 2025، کۆشکی سپی ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی پەیوەندیی تەلەفۆنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر بڵاو کردووەتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ترەمپ خواستی خۆی بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و قەتەری پیشان داوە و سەرکردەکانی ئیسرائیل و قەتەر پێشنیازەکەی ترەمپیان بۆ دامەزراندنی میکانیزمێک بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی سێقۆڵی، باشترکردنی پەیوەندییەکانیان، چارەسەرکردنی ناکۆکییە هاوبەشەکان و بەهێزکردنی هەوڵە بەکۆمەڵەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەڕەشەکان قبووڵ کردووە.
ئاماژەشی داوە، قەتەر و ئیسرائیل جەختیان لەسەر پابەندبوونی هاوبەشیان بۆ کارکردنی پێکەوەیی بە شێوەیەکی بنیاتنەرانە کردەوە، لە هەمان کاتدا سوودوەرگرتن لە پەیوەندییە دێرینەکانی هەردوولایان لەگەڵ ئەمەریکا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەک یەکەم هەنگاوی بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان، ناتانیاهۆ پەشیمانی خۆی لە هێرشە مووشەکییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە و بەئامانجگرتنی حەماس، پێشێلکردنی سەرەوەی قەتەر و کوژرانی سەربازێکی ئەو وڵاتە پیشان داوە. دووپاتیشی کردووەتەوە، ئیسرائیل لە داهاتوودا هێرشێکی لەو شێوەیە ئەنجام ناداتەوە.
کۆشکی سپی ئاماژەشی داوە،سەرۆک وەزیرانی قەتەر پێشوازی لە هەڵوێستی ناتانیاهۆ کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە وڵاتەکەی بەشداریکردنی لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە ئامادەیە و ناتانیاهۆش پابەندبوونی خۆی لەو بارەوە پیشان داوە.
کۆشکی سپی ئەوەش خستووتەڕوو، سەرکردەکان گفتوگۆیان لەسەر پێشنیازێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی و پێویستیی تێگەیشتنی زیاتر لە نێوان وڵاتەکانیاندا کردووە.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە بنیامین ناتانیاهۆ کرد و بڕیاری پرسی پرۆسەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاگربەستی غەززە تاوتوێ بکەن.
ڕۆژەی سێشەممە 9ـی ئەیلوولی 2025، سوپای ئیسرائیل بە هەماهەنگی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی (شاباک) هێرشی ئاسمانییان کردە سەر بارەگایەکی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، کە تێیدا شاندی دانوستانکاری حەماسی کردە ئامانج.
ئەم هێرشانەی ئیسرائیل کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، تەنانەت ئەمەریکا هێرشەکانی بە قبووڵ نەکراو زانی، هەروەها دۆناڵد ترەمپ، خۆی لە هێرشەکان بێبەری کرد و گوتی: "ناتانیاهۆ بڕیاری ئەو هێرشانەی داوە، نەوەک من."