ترەمپ: ناتانیاهۆ پلانی ئاگربەستی غەززەی قبووڵ کرد

سەرۆکەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دوای کۆبوونەوەیان لە کۆشکی سپی لەبارەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاگربەستی غەززە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.

دووشەممە 29ـی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، پێشنیازەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و یەکێتیی ئەورووپا بۆ ڕاگەیاندنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرز دەنرخێنێت.

دەشڵێت: سوپاس ناتانیاهۆ دەکەم بۆ ئەوەی پێشنیازی ئێمەی بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕاگرتنی شەڕی غەززە قبووڵ کرد، ئەگەر حەماسیش ڕازی بێت ئەوا دەستبەجێ ئاگربەست ڕادەگەینین، کە پێشبینی دەکەم ئەوانیش دەیانەوێت ئەو شەڕە بە زووی کۆتایی بهێت، بەڵام ئەگەر ڕەتیان کردەوە ئەو ئیسرائیل پشتگیری تەواوی منی بۆ لەنێوبردنی ئەو گرووپەی هەیە.

ترەمپ گوتیشی: ئەگەر پێکەوە کار بکەین، دەتوانین کۆتایی بە کوشتن و وێرانکارییە بهێنین کە ساڵانێکی زۆرە بینیومانە و دەبێتە دەستپێکێکی نوێ بۆ ئاسایش و ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ ناوچەکە.

دۆناڵد ترەمپ ئاشکراشی کرد، کار لە سەر دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ڕاگوزەر لە غەززە دەکەن، کە "تۆنی بلێر، وەزیری پێشووتری بەریتانیا لە دەستی بەڕێوەبردنی غەززەی دوای شەڕ دەبێت، ئاماژەشی دا، زۆر کەس ئامادەیی خۆیان پیشان داوە سەرپەرشتی ئەو دەستەیە بکەن، تەنانەت هەندێکیان داوا دەکەن من سەرپەرشتی بکەم. باسی لەوەش کردووە، هەر لەو چوارچێوەیە سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دەکشێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، نابێت لە چەند ڕۆژی داهاتوو دەنگی گوللە لە غەززە ببیستین، هەرچەندە ئەوە ئاسان نابێت."دووپاتیشی کردەوە، "ئێستا کاتی ئاشتییە و زۆر نزیکین لە ئاگربەستی غەززە، هاوکات هیچ کەس بەهێز لە غەززە دەرناکرێت، هەر کەسێک ئازادە لە مانەوە  یان بەجێهێشتنی ئەو کەرتە."

گوتیشی: هەرگیز نابێت 7ی تشرینی یەکەمی 2023 لە بیر بکەین، کە هەزار کەس بوونە قوربانی، بۆیە هەڵوێستی ناتانیاهۆ لە دژی دەوڵەتی فەڵەستین ڕوون و ئاشکرایە، کە هەندێک وڵات نا ژیرانە لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانییان بە دەوڵەتی فەڵەستین نا، بەشێکیان وڵاتانی ئەورووپییە هاوڕێیەکانمان بوون.

ئەوەشی خستەڕوو، "مێژوو ئەومان پێ دەڵێت، هەر وڵاتێک پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئیسرائیل هەبووبێت، ئەوە وڵاتەکە گەشاوەتەوە."، ڕاشیگەیاند "هیچ سەرۆکێک لە مێژوودا وەک من دۆستی ئیسرائیل نەبووە". هاوکات ئێستا ئیسرائیل نایەوێت دوژمنی زۆری هەبێت، هەروەها بەشێکی زۆر وڵاتانیش ڕێز لەو کارانەی ئیسرائیل دەگرن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ پێشبینی کرد کە ئێران لە داهاتوودا ببێتە بەشێک لە ڕێککەوتنامەی ئەبراهیم. گوتیشی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مەزنە، من و ناتانیاهۆ ڕێککەوتین، ڕێککەوتنی ئەبراهیم فراوانتر بکەین.

هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا سەرنجی بۆ ئەوا ڕاکێشا، "قودسم وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و دانم بە بەڕێوەبردنی بەرزاییەکانی جۆلانم بە سەرپەرشتی ئیسرائیل نا."

پشتگیری پلانی ترەمپ بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە دەکەم

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە ترەمپی گوت: لە غەززە و بەرزایەکانی جۆلان چەند جار سەلماندووتە کە باشترین و نزیکترین هاوڕێی ئیسرائیل بوویت لە کۆشکی سپی.

سەرۆکی ئیسرائیل گوتیشی: پشتگیری پلانەکەی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە دەکەم، کە ئامانجەکانی ئێمە لە شەڕەکە بەدی دەهێنێت.

ناتانیاهۆ باسی لە هەنگاوەکانی وڵاتەکەی لە ئەگەر گەیشتنە ڕێککەوتن کرد و ئاماژەی دا، "هەموو بارمتەکان بە زیندووی و مردوو دەستبەجێ دەگەڕێنرێنەوە ماڵەوە و حەماس لە چەک دادەماڵرێت و ئیسرائیل بەرپرسیارێتی ئەمنی هەڵدەگرێت، هاوکات غەززە خاوەنی ئیدارەیەکی مەدەنی ئاشتیانە دەبێت کە نە حەماس و نە دەسەڵاتی فەلەستین بەڕێوە دەبات.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، "ئەگەر حەماس بە پلانەکە ڕازی بوو، لە هەنگاوی یەکەمدا هێزەکانمان لە غەززە دەکشێنەوە و لە ماوەی 72 کاتژمێردا سەرجەم بارمتەکان ئازاد دەکرێن. دواتر لەلایەن دەزگایەکی نێودەوڵەتی بە تەواوی حەماس لە چەک دادەماڵرێت، هەر کە دەستەی بەڕێوەبردنی حەماس دامەزرا، ئەوا سوپاکەیان چەند هەنگاوێک زیاتر لە غەززە دەکشێنەوە.

سەرۆکی ئیسرائیلیش گوتیشی: ئەگەر حەماس پلانەکەی ڕەت کردەوە، ئەوا ئیسرائیل بە ئاسانترین شێوە کارەکانی تەواو دەکات و ئامانجەکانی بەدی دەهێنێت.

ناتانیاهۆ دەشڵێت: ئەوەی ئێستا ڕوودەدات وەڵامی ئێمە بوو، بۆ هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023ی حەماس، هاوکات دوژمنانی ئیسرائیل ڕاستییەکی سەخت فێربوون ئەویش، هەرکەسێک هێرش بکاتە سەرمان باجێکی قورس دەدەن، لە هەمان کاتدا ئەوانەی هاوبەشی ئێمەن پێشکەوتن و ئاسایش بۆ گەلەکانیان پێش دەخەن.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment