ڕاوێژکارێکی خامنەیی: لە جەنگی 12 ڕۆژەدا، 16 فڕۆکەوانی ئیسرائیلمان کوشتووە

ڕاوێژکاری سەربازیی ڕێبەری باڵای ئێران، ئاشکرای کرد، لە جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا، بە مووشەکەکانیان 16 فڕۆکەوانی ئیسرائیلیان کوشتووە.
دووشەممە 29ـی ئەیلوولی 2025، ڕەحیم سەفەوی، ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی ڕێبەری باڵای ئێران، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە میانەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دواییە لەگەڵ ئیسرائیلدا، لە ماوەی 12 ڕۆژدا، زیاتر لە 500 مووشەکمان بە ئاراستەی ئیسرائیل هەڵداوە.
ئەو ڕاوێژکارە باڵایە دەڵێت: ئیسرائیل و ئەمەریکا ئەو جەنگەیان بەسەر ئێمە سەپاند، بەڵام بە ئامانجەکانیان نەگەیشتن و شکستیان هێنا و ئێران سەرکەوتن.
لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، ئیسرائیل هەوڵی دا جەنگەکە زیاتر درێژ بکاتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا رووبەڕووی شکستێکی چاوەڕواننەکراوبووەوە، بۆیە ناچار بوو لە ڕێگەی ئەمەریکاوە داوای ئاگربەست بکات، ئەمەش نیشانەی بێ دەسەڵاتی ئەو وڵاتەیە لە بەرانبەر تواناکانی ئێران.
جەختی لەوەش کردەوە، مووشەکەکانیان زیانێکی زۆری بە دامەزراوەکنی ئیسرائیل گەیاندووە، هەروەها ناوەندیی مەشق و ڕاهێنانی فڕۆکەوانانی ئیسرائیلیشیان کردبووە ئامانج، کە بووە هۆی کوژرانی 16 فڕۆکەوانی ئەو وڵاتە.
ڕەحیم سەفەوی، هەر لە باسی مووشەکەکانی ئێران، ئەوەشی خستەڕوو، مووشەکەکانیان بە جۆرێک بەهێز بوون کە بوونە هۆی وێرانکارییەکی گەورەی بوومەلەرزە ئاسا، تا ئێستاش کاریگەری لە سەرجەم ئەو ناوچانەی کە بە ئامانج گیراون و ناوچەکانی دەوروبەریشیان جێهێڵاوە.
جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.
ڕاگەیاندنی ئاگربەست
دوای 12 ڕۆژ لە بەردەوامیی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەرەبەیانی سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس، ڕێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند.