کۆشکی سپی ئەو خاڵانە ئاشکرا دەکات کە بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە دەستنیشانکراون

کۆشکی سپی ئەمەریکا، ئەمڕۆ دووشەممە 29ـی ئەیلوولی 2025، ئەو خاڵانەی بڵاوکردەوە کە بڕیارە بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە لەنێوان ئیسرائیل و حەماس بە نێوەندگیری وڵاتانی عەرەبی و ئەمەریکا، واژۆیان لەسەر بکرێت.

خاڵەکان بەم شێوەیەن:

1. غەززە دەبێتە ناوچەیەکی بێ تیرۆر کە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی دروست نەکات.

2. غەززە دووبارە پەرەی پێدەدرێت بۆ سوودی خەڵکی غەززە، کە بەشی پێویست، زۆر ناخۆشییان بینیوە.

3. ئەگەر هەردوو لا ڕێککەوتن لەسەر ئەم پێشنیازە، جەنگ دەستبەجێ کۆتایی دێت، هێزەکانی ئیسرائیل بۆ ئەو هێڵەی ڕێککەوتنی لەسەر دەکرێت دەکشێنەوە، هاوکات ئامادەکاری بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دەکرێت، لەم ماوەیەدا، سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، لەوانە بۆمبارانی ئاسمانی و تۆپخانەکان ڕادەگیرێن،کشانەوەیقۆناغ بە قۆناغی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە جێبەجێ دەکرێن.

4. لە ماوەی 72 کاتژمێردا  دوای قبوڵکردنی ئیسرائیل بۆ ئەم ڕێککەوتنە، سەرجەم بارمتەکان، زیندوو و مردوو، دەگەڕێندرێنەوە.

5. کاتێک سەرجەم بارمتەکان ئازاد کران، ئیسرائیل 250 زیندانیی سزای هەتاهەتایی و 1700 غەززەیی کە دوای 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 دەستگیرکرابوون، ئازاد دەکات، لەوانە سەرجەم ژنان و منداڵانی دەستگیرکراو لەو چوارچێوەیەدا، بۆ هەر بارمتەیەکی ئیسرائیلی کە تەرمەکەی دەگەڕێندرێتەوە، ئیسرائیل تەرمی 15 غەززەیی دەگەڕێنێتەوە.

6. کاتێک سەرجەم بارمتەکان گەڕێندرانەوە، ئەندامانی حەماس کە پابەندی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و دانانی چەکەکانیان دەبن، لێبوردنی گشتییان بۆ دەردەکرێت، ئەندامانی حەماس کە دەیانەوێت غەززە جێبهێڵن، ڕێڕەوی سەلامەتیان بۆ دابین دەکرێت بۆ وڵاتانی وەرگر.

7. دوای قبوڵکردنی ئەم ڕێککەوتنە، یارمەتیی تەواو دەستبەجێ دەنێردرێت بۆ کەرتی غەززە، بە لایەنی کەمەوە، بڕی یارمەتییەکان هاوتا دەبێت لەگەڵ ئەوەی لە ڕێککەوتنی 19ـی کانوونی دووەمی 2025 سەبارەت بە یارمەتی مرۆیی، لەوانە نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی (ئاو، کارەبا، ئاوەڕۆ)، نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانە و نانەواخانەکان، هەروەها هاتنەژوورەوەی کەرەستەی پێویست بۆ لابردنی پاشماوە و کردنەوەی ڕێگاکان.

8. هاتنەژوورەوەی دابەشکردن و یارمەتی لە کەرتی غەززە بەبێ دەستێوەردان، لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگاکانی، وەک مانگی سوور، جگە لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە کە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییان بە هیچ لایەنێکەوە نییە، بەڕێوەدەچێت،کردنەوەی دەروازەی ڕەفەح لە هەردوو ئاراستەدا ملکەچی هەمان میکانیزم دەبن کە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی 19ـی کانوونی دووەمی 2025 جێبەجێکرا.

9. غەززە لەژێر حوکمڕانی کاتیی  لیژنەیەکی تەکنیکی و دوور لە سیاسەتدا دەبێت، کە بەرپرسیار دەبێت لە بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و شارەوانییەکان بۆ خەڵکی غەززە، ئەم لیژنەیە لە فەڵەستینییە لێهاتووەکان و شارەزایانی نێودەوڵەتی پێکدێت، لەگەڵ چاودێری و سەرپەرشتیاری لەلایەن دەستەیەکی کاتی نێودەوڵەتی، "ئەنجومەنی ئاشتی"، کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، لەگەڵ ئەندامانی دیکە و سەرۆکی دەوڵەتان کە ڕادەگەیەنرێن، لەوانە سەرۆک وەزیرانی پێشوو تۆنی بلێر، ئەم دەستەیە چوارچێوەکە دادەنێت و مامەڵە لەگەڵ بودجەی پەرەپێدانی غەززە دەکات تا ئەو کاتەی دەسەڵاتی فەڵەستین پرۆگرامی چاکسازییەکەی جێبەجێ دەکات، وەک لە پێشنیازە جیاوازەکاندا هاتووە، لەوانە پلانی ئاشتی ترەمپ لە ساڵی 2020 و پێشنیازی سعودیە-فەڕەنسا، کەدەتوانێت کۆنترۆڵی غەززە بکرێتەوە، ئەم دەستەیە بانگەواز دەکات بۆ دروستکردنی حوکمڕانییەکی مۆدێرن و کارا کە خزمەت بە خەڵکی غەززە بکات و گونجاو بێت بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنان.

10. پلانێکی ترەمپ بۆ گەشەپێدانی ئابووری بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی غەززە دروست دەکرێت لەڕێگەی دەستەیەک لە شارەزایان کە یارمەتیدەر بوونە لە دروستکردنی ژمارەیەک لە شارە سەردەم و گەشەسەندووەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

11.  ناوچەیەکی ئابووریی تایبەت دادەمەزرێت کە لەگەڵ وڵاتانی بەشداریکەردا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

12. کەس ناچار ناکرێت غەززە جێبهێڵێت، ئەوانەی دەیانەوێت بڕۆن ئازاد دەبن، لە گەڕانەوەش بەهەمان شێوە، هانی خەڵک دەدەین بمێننەوە و دەرفەتیان پێدەدەین بۆ بنیاتنانی غەززەیەکی باشتر.

13. حەماس و لایەنەکانی دیکە ڕێکدەکەون کە هیچ ڕۆڵێکیان لە حوکمڕانی غەززەدا نەبێت، ڕاستەوخۆ، ناڕاستەوخۆ.

14. گەرەنتییەک لەلایەن هاوبەشە هەرێمییەکانەوە دەدرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە حەماس و لایەنەکانی دیکە، پابەندی ڕێککەوتنەکە دەبن و غەززەی نوێ هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر دراوسێکانی یان خەڵکەکەی دروست ناکات.

15. ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ هاوبەشە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان کار دەکات بۆ دروستکردنی هێزێکی کاتیی، بۆ دابینکردنی سەقامگیری غەززە، بۆ ئەوە ڕاوێژ بە ئوردن و میسر دەکرێت کە ئەزموونی فراوانیان لەم بوارەدا هەیە.

16.  ئیسرائیل غەززە داگیر ناکات، یاخود  نایلکێنی بەخۆیەوە.

17.  لە حاڵەتێکدا حەماس ئەم پێشنیازە ڕەتبکاتەوە، ئەوا ئۆپەراسیۆنی بەرفراوان بەڕێوەدەچێت..

18.  پرۆسەیەکی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان ڕێکدەخرێت لەسەر بنەمای بەهاکانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بۆ ئەو سوودانەی کە دەتوانرێت لە ئاشتییەوە بەدەستبهێنرێن.

19. لە کاتێکدا پەرەپێدانی غەززە پێشکەوتن بەدەستدەهێنێت و کاتێک پرۆگرامی چاکسازیی دەسەڵاتی فەڵەستین بە دڵسۆزییەوە جێبەجێ دەکرێت، ڕەنگە سەرەنجام مەرجەکان بۆ ڕێگەیەکی خودموختاری و دەوڵەتبوونی فەڵەستین بڕەخسێن.

20.  ویلایەتە یەکگرتووەکان گفتوگۆیەک لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکاندا ڕێک دەخات بۆ ڕێککەوتن لە  بواری سیاسی بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە.

ڕۆژی سێشەممە 23ـی ئەیلوولی 2025، ترەمپ لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ سەرکردەکانی هەر یەکە لە تورکیا، میسر، پاکستان، قەتەر، ئیمارات، ئوردن و ئیندۆنیزیا کۆبووەوە، کە تایبەت بوو بە پرسی کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان.

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبارەوە گوتی: "پلانێکمان بە ناوی 'پلانی 21 خاڵیی ترەمپ' بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و غەززە پێشکەشی ئەو وڵاتانە کردووە."

 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment