پێنج نیشانە کە کۆرۆنا زیانی پێگەیاندووی

دوای چاکبوونەوەش ئەم نیشانەیان هەیە

K24- هەولێر:

زانکۆی ئۆکسفۆرد توێژینەوەیەکی ئەنجامداوە و تێیدا چەند نیشانەیەکی کۆرۆنای ئاشکرا کردووە کە ئاماژەن بۆ ئەوەی ڤایرۆسەکە زیانی پێگەیاندووی.

هەناسەتووندی

زۆرێک لەو کەسانەی بە تووندی تووشی کۆرۆنا دەبن، ئەگەر دوای تێپەڕاندنی کۆرۆنا، کێشەی هەناسە تووندیان هەبێت، ئەوا کۆرۆنا زیانی لە سییەکانیان داوە.

شەکەتی

رێژەی 55% ئەو کەسانەی لە کۆرۆنا چاکدەبنەوە، لە دوای چاکبوونەوە هەست بە شەکەتی دەکەن، ئەمەش نیشانەیەکە کە  کۆرۆنا زیانی لێداون و دەبێت پشوو بدەن.

خەمۆکیی

بەشێک لەو کەسانەی لە کۆرۆنا چاکدەبنەوە، دوای ماوەیەک ئەگەری هەیە تووشی خەمۆکیی و دڵەڕاوکێ ببن؛ ئەمەش بەهۆی ئەوەیە کۆرۆنا کار دەکاتە سەر مێشکی مرۆڤ.

چالاکی وەرزشی

لە دوای چاکبوونەوە لە کۆرۆنا، ناتوانیت وەکو پێشوو وەرزش بکەیت، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە تووشی هەوکردن بوویت و هەوکردنەکە لە دوای چاکبوونەوە لە لەشدا دەمێنێتەوە.

کاریگەری لەسەر ئۆرگانەکان

ئەگەر دوای چاکبوونەوە لە کۆرۆنا پشکنین بکەیت، ئەوا دەکرێت زیانەکان بەمجۆرە بێت، 60% نەخۆشەکان زیان بەر سییەکانیان دەکەوێت، 26% زیان بەر دڵیان دەکەوێت، 10% زیان بەر جگەریان دەکەوێت و 29% زیان بەر گورچیلەیان دەکەوێت.