وەرزی ڕنینەوەی سێو لە باخەکانی شنۆ

ماوەی حەفتەیەکە ڕنینەوەی سێو لە باخەکانی شاری شنۆ دەستی پێ کردووە. لە سنووری ئەم شارەدا 14 هەزار هێکتار باخی میوەی هەیە کە زیاتر لە هەشت هەزار هێکتاریان باخی سێوە.

 فەرمانگەی جیهادی کشتوکاڵیی شنۆ پێشبینیی کردووە ئەمساڵ لە باخە سێوەکانی ئەم شارەدا 125 هەزار تۆن سێو بەرهەم بێت، کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 25% کەمترە. بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە و کرێی ساردخانەکان و ڕێگریی لە هەناردەی سێو بۆ دەرەوەی ئیران، بوونەتە مایەی زیانی زۆر لە خاوەنباخەکان.

زاهیر قادرزادە، خاوەنباخی سێو، بە کوردستان24ـی گوت: ڕنینەوەی سێو و کۆکردنەوەی و سندووق خستنی پێویستی بە شارەزایی و وردبینی هەیە. لەبەر ئەوەی بەشێک زۆر لەم سێوانە ڕەوانەی ساردخانە دەکرێن و ئەگەر سێوێکی خراپ بخرێتە ناو سندووقێک ئەوا سێوی هەموو سندووقەکە خراپ دەکات. لە وەرزی ڕنینەوەی سێودا هەلی کاری کاتی بۆ ژمارەیەک لە هاووڵاتییان دابین دەکرێت کە لەم بوارەدا ئەزموونیان هەیە. بەڵام کەم بوونەوەی بەرهەمی سێوی باخەکانی شنۆ، ئەو دەرفەتی کارەشی بۆ کرێکارەکانی ئەم بوارە کەم کردووەتەوە. 

سەردار محەممەدی، کرێکار، دەڵێت: بەشێک لەم سێوە ڕەوانەی بازاڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی ئێران دەکرێت و بەشێکیشی لە ساردخانەکان هەڵدەگیرێت و لە وەرزی زستان و بەهاری داهاتوودا دەخرێتە بازاڕەوە. لە سنووری ئیدارەی شاری شنۆ 41 ساردخانە هەیە کە توانای هەڵگرتنی 150 هەزار تۆن سێویان هەیە. بەڵام بە کەمبوونەوەی بەرهەمی سێوی ئەمساڵی شنۆ، چاوەڕی دەکرێ کەمتر لە سەد هەزار تۆن سێو بگاتە ساردخانەکان.

 

 

 

 
 
Fly Erbil Advertisment