قوتابییانی سریانی لە هەرێمی کوردستان: خوێندن بە زمانی دایك گرنگییەکی زۆری هەیە
لە هەرێمی کوردستان 50 قوتابخانەی سریانی هەن کە خوێندن بە زمانی دایکی سریانییەکان دابین دەکەن، ئەمەش بە پشتگیری تەواوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەم قوتابخانانە، کە چواریان لە سنووری پارێزگای هەولێرن، لە قۆناغی بنەڕەتییەوە تاوەکو ئامادەیی وانە دەڵێنەوە و قوتابییان هەست بە گرنگیی خوێندن بە زمانی دایک دەکەن.
قوتابییان ئاماژە بەوە دەکەن کە خوێندن بە زمانی سریانی کاریگەری ئەرێنی لەسەر تێگەیشتن و فێربوونیان هەیە.
ئۆریانا ڕۆنی، یەکێک لە قوتابییەکان، دەڵێت: "زمانی سریانی زمانێکی دایکی ئێمەیە و بۆمان خۆشترە. مامۆستاکانیشمان زۆر باشن لەگەڵمان و وانەکانمان فێر دەکەن."
قوتابییەکی دیکە بە ناوی شرپیل شیمول، کە لە پۆلی نۆیەمی قوتابخانەی سریانی دەخوێنێت، دووپاتی دەکاتەوە: "ئەمە زمانی دایکمە، کاتێک بە سریانی دەخوێنم، زۆر باشتر تێدەگەم و فێر دەبم."
فەهمی سلیوا، بەڕێوەبەری پەروەردەی دەوروبەری هەولێر، جەخت لەسەر پشتگیری حکوومەت دەکاتەوە و ڕایگەیاند، لە بواری کتێب، باڵەخانە و مامۆستایان هیچ کورت و کوڕییەک نییە، بەڵکوو بایەخەکی زیاتر بەم سێکتەرە دەدرێت.
ئەم قوتابخانانە جگە لە زمانی سریانی، وانەی کوردی، ئینگلیزی، و عەرەبیش دەخوێنن. هەروەها، بەهۆی تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی، ژمارەیەک لە قوتابییانی کوردیش لەم قوتابخانانەدا دەخوێنن.
لە ڕووی یاساییشەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکەم کابینەیەوە پشتگیری پێکهاتەکانی کردووە، و پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 1993 بە یاسا مافی خوێندنی بە زمانی دایکی بۆ پێکهاتەکان فەراهەم کردووە. ئەم سیاسەتە لە عێراق و ناوچەکەدا وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو سەیر دەکرێت.