یامال بە دوای مێسی دەكەوێت یان رێگای جەنجاڵی رۆناڵدینیۆ هەڵدەبژێرێت؟

لامین یامال لە تەمەنی 18 ساڵی دا وەكو سوپەرستارێكی گەورە شوێنی خۆی لە دڵی هەودارانی تۆپی پێی جیهان گرتەوە، هەر چەندە وەكو دووەم باشترین یاریزانی جیهان بۆ ساڵی 2025 دیاریكرا، بەڵام ئێستا لامین یەکێکە لە ئەستێرە دیارەکانی نەوەی نوێ و لە بارسێلۆنا بە شوێنگرەوەی مێسی ناوی دەبەن، جگە لەمەش دووەمین ساڵە لەسەریەك بە باشترین یاریزانی لاوی جیهان دادەنرێت، ئێستا لامین هاوشێوەی ئەفسانەكانی مێژوویی بارسێلۆنا هەڵگری ژمارە 10ـە، ئەمەش بەرپرسیاریەتییەكی گەورەیە و ئەم یاریزانەی خستووەتە بەردەم دووڕیانێكی سەخت.
ژاوەژاوی دەرەوەی یاریگە
لە شەوە گەرمەکانی شاری بارسێلۆنا، كوڕێكی تەمەن 18 ساڵ كە هێشتا لەڕووی عەقڵەوە بە تەواوەتی پێنەگەیشتووە ناوە ناوە خۆی دەخزێنێتە نێو یانەكانی شەوانەوە لە كاتێكدا ئەو كوڕە لاوە لە سەرەتای دەركەوتنییەتی وەكو ئەفسانەیەك، ئەمەش وایكردووە یامال تەنیا بەهۆی بەهرە و توانایەكەی لە تۆپی پێ دا دەنگ نەداتەوە بەڵکو لە دەرەوەی یاریگەش لێشاوێك مشتومڕی دروست كردووە.
لە سەرەتای هاوینی 20205 گفتوگۆیەكی نێوان یامال و خانمێك كە 13 ساڵ لە خۆی گەورەتر بوو دەزەپێكرا كە تێیدا تۆمەتبار كرا بەوەی كە دەستدرێژی سێكسی كردووەتە سەر لە كاتێكدا یامال ئەوكات تەمەنی 17 ساڵ بوو، دواتر لە یانەیەكی شەوانەی ئیتاڵیا لەگەڵ ئەكتەرێكی بەناوبانگی رۆمانی دەركەوت كە لە رێگەی ئیمەیلەوە ئاشكرا بوو كە پەیوەندی سۆزدارییان لەنێواندا هەبووە، ئەم بابەتەش هەرایەكی گەورەی لەنێو میدیایەكانی ئەروووپا دروست كرد.
چیرۆکەکە تەنیا لە چوارچێوەی دەنگۆیەك كپ نەكرایەوە، راگەیاندنەكانی ئیسپانیا هێرشیان كردە سەر لامین یامال، رۆژنامەی مارکا رەخنەی توندی لەو یاریزانە گرت و بە مانشێتێكی گەورە ئەوكات نووسیبووی: ڕەفتاری ئەو ئەستێرە گەنجە كاریگەری خراپ دروست دەكات چونكە هەست بە بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی ناكات.
لە لایەكی دیكەیشەوە، رۆژنامەی ئاسی ئیسپانیا ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو ئەو یاریزانە گوێ بە یاسا نادات و ئەگەر كۆنترۆڵی خۆی نەكات كێشەی گەورەتر دروست دەكات.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی كەتەلۆنیا باسی لایەنی دەروونی ئەو یاریزانەی كرد بوو، داواشی لە كارگێری بارسێلۆنا و خانەوادەی لامین كرد بوو بەهرە دەگمەنەكانی ئەو یاریزانە بیپارێزن چونكە ئەو هێشتا لەڕووی عەقڵییەوە پێنەگەیشتووە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، هاندەرانی بارسێلۆنا دابەشبوون بەسەر دووبەرە، بەشێكیان پێیانوابوو دەستێك هەیە لە پشتەوە دەیەوێت لامین یامال بە لاڕێدا ببات و بەهرەكەی بكوژێت، بەشێكی دیكە لە هاندەران پێیانوا بوو لامین كۆپی و ئەزموونێكی ئەستێرەیەكی دیكەی هاوشێوەی ژیانی شەوانەی رۆناڵدینیۆ تاقی دەكاتەوە.

هەڵگری ژمارە 10، میراتێكی گەورەیە
لەنێو ئەم ئاژاوە و هەرایەدا لامین یامال بڕیاری داوە درێسی ژمارە 10 بپۆشێت، ژمارەیەك كە مانایەكی گەورەی لە بارسێلۆنا هەڵگرتووە، بەوپێیەی پێشتر چەندان ئەستێرەی گەورە ئەو ژمارەیەیان پۆشیوە، لە مارادۆنا دەستی پێكرد تا ڕۆناڵدینۆ، تا دەگاتە گەورەترین یاریزان کە تا ئێستا پێی خستووەتە كامپ نوو كە لیۆنێل مێسییە و خاوەنی ژمارە 10 بوونە.
لامین یامال بۆ وەرزی 2025 ـ 2026 بە درێسی ژمارە 10 هاتە نێو یاریگە، ئەمەش ئاماژەیەك بوو كە ئەو یاریزانە دەیەوێت قورساییە مێژووییەكەی ئەو ژمارەیە لەسەر شانی هەڵبگرێت، بەڵام دەركەوت بەهرە بۆ پاراستنی شكۆی ئەم ژمارەیە بەس نییە بەڵكو دەبێت لە هەموو لایەنەكانی دیكەشەوە دەبێت ئەو ژمارەیە بپارێزیت.
مێسی هێمای ڕەوشتبەرزی و ئازایەتی
هاندەرانی بارسا دەزانن ژمارە 10 تەنها درێس نییە؛ پابەندبوونێکی درێژخایەنە. لیۆنێل مێسی، لە شاری ڕۆزاریۆی ئارجێنتینا لە دایكبوو، لە ساڵی 2000 لە تەمەنی 13 ساڵیدا گەیشتە کەتەلۆنیا، لە 2004 یەکەم یاری خۆی بە درێسی ژمارە 30ـی بارسێلۆنا ئەنجام دا، لە وەرزی 2008 ـ 2009 بووە شوێنگرەوەی رۆناڵدینیۆ و درێسی ژمارەی 10 وەرگرت، لیۆ حەڤدە وەرز لەسەریەک وایکرد ببێتە ئایکۆن و شانازییەكی گەورەی تۆپی پێ، 10 نازناوی لالیگا، 4 چامپیۆنزلیگ، 7 جامی شا، 3 جامی جیهانی یانەکان، 3 جامی سوپەری ئەوروپا لەگەڵ شەش تۆپی زێرین و 634 گۆڵی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان تۆمار كرد، لە پشت ئەم ژمارانەوە چیرۆکی پیاوێک هەبوو كە تێوەنەگلاوبوو لە هیچ گێژاو و هەرایەك، هەرگیز باوەڕیشی بە شكست نەبوو، لە ساڵی 2017 هاوسەرگیری لەگەڵ هاوڕێی منداڵی ئەنتۆنێلا کرد و وەک نموونەی سەقامگیری مایەوە تا قەیرانی دارایی بەرۆكی بارسێلۆنای كرد و ناچار بوو لە هاوینی 2021 لە یانەكە بڕوات.

ڕۆناڵدینهۆ جادوویەكی كورتی هەبوو
درێسی ژمارە 10 لای رۆناڵدینیۆ، چیرۆكەكەی جیاواز بوو، ئەو یاریزانە بەرازیلییە لە 2003 گەیشتە بارسێلۆنا، بەو جادوویەی هەیبوو هەمووانی سەرسام كرد، لە یەکەم وەرزیدا دڵی هاندەرانی خۆش كرد و هەمووان هیوایان لەسەر هەڵچینی بوو، لە وەرزی دووەمیشدا نازناوی لالیگای لەگەڵ بارسا بردەوە، پاشان لە 2006 سەركردایەتی یانەكەی كرد بۆ بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ و 26 گۆڵیشی كرد، بەڵام هۆگربوونی بە ژیانی شەوانە و گوێ نەدان بە هیچ سنوور و بەرپرسیاریەتییەك بەخێرایی ڕەوتی رووداوەكانی گۆڕی و وردە وردەش بەهرەكانی كاڵ بووەوە، ئەمەش وایكرد لە وەرزی 2007 ـ 2008 سەرۆك خوان لاپۆرتا بیركردنەوەی بەرامبەر رۆناڵدینیۆ بگۆڕێت و پێیوا بوو جادووی ئەو یاریزانە كەمبووەتەوە و رۆناڵدینیۆ وەكو جاران ئارەزووی ئەوەی نەماوە گرینگی بە ئاستی خۆی بدات بۆیە دەرگای رۆیشتنی لەبەردەم ئەم یاریزانە كردووە و چیرۆكەكەی لەگەڵ بارسێلۆنا تەنیا 5 ساڵی خایاند.
یامال لە نێوان دوو ڕێگادا
لامین یامال بەهرەیەكی ناوازەی هەیە، خێراییەكەی وەكو ڕەشەبایە، خاوەنی لێهاتوویەكی گەورەی تەكنیكییە، ئەمە وایكرد ببێتە بچووكترین یاریزان لە لالیگا لە تەمەنی 16 ساڵی درێسی بارسێلۆنا بپۆشێت، زۆر کەس پێیانوایە لامین توانای ئەوەی هەیە هاوشێوەی رۆناڵدینیۆ بدرەوشێتەوە و وەكو مێسی تەمەنی یاریكردنی درێژ بێت، بەڵام ئەو ژاوەژاوە میدیاییەی لە دەوروبەری ئەو یاریزانە دروست بووە پێمان دەڵێت لەم سەردەمە بەهرە بە تەنیا ناتوانێت ئەستێرەیەك دروست بكات، بەڵكو رەفتاری دەرەوەی یاریگە زیاتر دەبێتە پاڵپشت بۆ دروستبوونی ئەستێرە و ئەفسانەیەكی گەورە.
ئەگەر لامین بیەوێت ببێتە میرانگرێكی گەورەی ژمارە 10، دەبێت هەنگاوەكانی مێسی هەڵبگرێت، چونكە لە بارسێلۆنا هەڵسوكەوت مەرجی پێشوەختەیە بۆ مانەوە لە بارسێلۆنا، هەروەها گەیشتن بە لوتكە پێویستی بە سەقامگیری خێزانی هەیە، پێویستی بە بەرپرسیاریەتی لە نێو یاریگە و دەرەوەی یاریگە هەیە.
بەڵام نابێت لامین دەستبەرداری ئیلهامی رۆناڵدینیۆ بێت، چونكە هاندەران یاریزانێكیان خۆشدەوێت توانای بڕینی یاریزان و داهێنانیان هەبێت، ستایلە هێرشبەرە سەرسوڕهێنەرەكەی رۆناڵدینیۆ هێشتا لە خەیاڵی هاندەرانی بارسێلۆنا ماوەتەوە، ئەمڕۆ لامین یامال لە گۆڕەپانێکی ڕاستەقینەدا وەستاوە و ڕێگایەکی دوور و درێژی لەبەردەمیدایە، دەبێت لامین تێكەڵەیەك دروست بكات هاوشێوەی گەشتە درێژەكەی مێسی، لەگەڵ ئیلهامە ئەفسوناوییەكەی رۆناڵدینیۆ.
