ترەمپ: هیوادارم چەکی ئەتۆمی بەکارنەهێنم

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پلانەکەی بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان لە ناوچەکە کە نزیکەی سێ هەزار ساڵە بەردەوامن، دەشڵێت: پەرەمان بە چەکی ئەتۆمی داوە و هیوادارم بەکاری نەهێنم.

سێشەممە 30ـی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە گوتارەکەدا کە پێشکەشی ژەنەراڵ و فەرماندەکانی وڵاتەکەی کرد گوتی: نزیکەی سێ هەزار ساڵە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشتی بە خۆیەوە نەبینیوە، بۆیە ڕەنگە پلانی ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆتاییدا بەو ئامانجەمان بگەیەنێت.

لە بەشێکی قسەکانی سەرۆکی ئەمەریکا باسی لە چەکی ئەتۆمی و کەشتیی جەنگی دەریایی کرد و گوتی "ئێمە پەرەمان بە چەکی ئەتۆمی داوە، بۆیە بەو هیوایەم ناچار نەکرێم بەکاری بهێنین." ئاماژەشی دا، لە کەشتیی جەنگی دەریایی 25 ساڵ لە پێش ڕووسیا و چینن،" هاوکات ئەوان بەردەوامم لە پەرەدان بە کەشتی ژێر دەریاییان. دەشڵێت: "کەشتییەکانمان لە هەموو ناوچەکان لە شوێنی نهێنی خۆیانن، لە ئامادە باشیدان، بە شێوەیەک هیچ ڕادارێک پیشان نادات."

دۆناڵد ترەمپ جەختیشی لەوە کردەوە، لە ماوەی ڕابردوودا حەوت جەنگی گەورەی ڕاگرتووە، بۆیە ئەگەر خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی نەباتەوە، ئەوا بێڕێزیکردنێکی گەورەیە بە ئەمەریکا.

هەروەها دووپاتیشی کردەوە، بۆ ئاگربەستی غەززە پێویستمان بە یەک واژۆی حەماسە، ئەگەر واژۆ نەکەن، ئەوا دەرەنجامێکی زۆر خراپ چاوەڕێیان دەکات، بۆیە بەو هیوایەم لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان ئەو واژۆیە بکەن.

گوتیشی: بڕیاری خەرجکردنی یەک ترلیۆن دۆلارم بۆ وەبەرهێنان لە سوپای ئەمەریکا لە ساڵی 2026 واژۆ کردووە، کە بەرزترین بودجەیە لە مێژووی ئەمەریکا.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment